بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاتریارک مار ئاوای سێهەم ڕوئیل ڕێبەری جیهانیی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری ڕۆژی شەممە 13 ی ئایاری 2023 لە گەڵ محەممەد مەهدی ئیسماعیلی وەزیری ڕۆشنبیریی کۆماری ئیسلامی ئێران و محەممەد مەهدی ئیمانی پور سەرۆکی ڕێکخراوی کەلتور و پەیوەندییەکانی ئیسلامی کۆبووە.
سەرۆکی ڕێکخراوی کەلتور و پەیوەندییەکانی ئیسلامی:
هەوڵی پتەوکردنی هاوکارییەکان لە بواری وتووێژی نێوان ئائینەکان دەدەین
سەرۆکی ڕێکخراوی کەلتور و پەیوەندییەکانی ئیسلامی وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان، ڕایگەیاند کە یەکەم خولی وتووێژ لە گەڵ ئاشورییەکان بە ناونیشانی ” ڕۆڵی ئائین لە پەرەپێدانی ئاشتی و هاوئاهەنگی لە کۆمەڵگای مرۆیی ” ساڵی 1377 ی کۆچی هەتاوی (1998)، خولی دووەم بە ناونیشانی ” پێکەوەژیانی ئاشتیانەی موسڵمانان و مەسیحییەکانی ئاشوری لە ئێران ” ساڵی 1388 ی کۆچی هەتاوی (2009) و خولی سێهەم بە ناونیشانی ” دەفرایەتی هاوکاری ئائینەکان لە بەرزکردنەوەی پێگەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە کۆمەڵگای مرۆیی ” لە ساڵی 1389 ی کۆچی هەتاوی (2010) لە تاران بەڕێوەچووە.
محەممەد مەهدی ئیمانی پور وتی کە ئەمڕۆ کە میوانداری لە ڕێبەری جیهانیی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری دەکەین، هەوڵی پتەوکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە بواری وتووێژی ئائینەکان و کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری دەدەین.
وەزیری ڕۆشنبیریی ئێران:
هاوبەشیی نێوان ئائینە ئاسمانییەکان دەتوانێت بەشێکی زۆری کێشەکانی جیهان چارەسەر بکات
محەممەد مەهدی ئیسماعیلی وەزیری ڕۆشنبیریی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا وێڕای بەخێرهاتنی میوانان، ڕایگەیاند کە ئێران مێژوویەکی چەندین هەزار ساڵەی لە پێکەوەژیان و لێک تێگەیشتنی هەمەلایەنە لە گەڵ ئائینەکان بە تایبەت ئاشورییەکان هەیە و وتی: ئائینە ئیسلامییەکان هاوبەشییەکی زۆریان پێکەوە هەیە کە بە پشت بەستن بەوانە دەتوانرێت بەشێک لە کێشەکانی ئەمڕۆی جیهان چارەسەر بکرێت.
ناوبراو پەیامی سەرەکیی ئائینە ئاسمانییەکانی بە دابینکردنی ئاشتی، ئاسوودەیی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بۆ دانیشتووانی جیهان ناو برد و وتی: دوژمنانی ئائینە ئاسمانییەکان بەردەوام هەوڵی کەلێن خستنە نێو کۆمەڵگاکانی جیهانی دەدەن و ئەمەش دوژمنی هاوبەشی سەرجەم ئائینەکانە.
ئیسماعیلی وتی: ئەم ڕەوتەش موڵەتی ئەوە نادات کە کێشەکانی مرۆڤایەتی لە ڕێگای وتووێژ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت و ئەمڕۆ توندووتیژی خۆی بە ناوی شارستانیەتی نوێ بە جیهان دەناسێنێت و لەم هەلومەرجەدا سەرجەم خوشک و برایانی ئائینەکان دەبێت لە بەرەیەکی هاوبەش و یەکگرتوودا بەرگری لە بەها مرۆییەکان بکەن.
ڕێبەری جیهانیی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری:
ڕێزی تایبەت لە وڵاتی ئێران دەگرین
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا پاتریارک مار ئاوای سێهەم ڕوئیل ڕێبەری جیهانیی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری وتی: بە پێی مێژووی ئاشورییەکان و کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری، خۆمان لەم ئاو و خاکەی ئێران دەزانین و بەم بۆنەوە ڕێزێکی تایبەت لە وڵاتی ئێران دەگرین.
ناوبراو وتی: وتووێژەکانی نێوان ئیسلام و مەسیحییەت لە ئێران بۆ جیهانی ئەمڕۆ زۆر گرنگە.
وتیشی کە گرنگە لە ڕێگای ئەم وتووێژانەوە چارەسەری کێشەکانی جیهان بدۆزینەوە.
ڕێبەری جیهانیی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری وتی: دەستخۆشی لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێکخراوی کەلتور و پەیوەندییەکانی ئیسلامی دەکەین کە ئەم دەرفەتەیان دابین کردووە و بە دڵنیاییەوە کە دەبێتە هۆی دۆستایەتی و نزیکایەتی نێوان ئائینەکان و هیوادارین ئەم پەیوەندییە بەهێز و نزیکە بەردەوام لە نێوان ئائینی ئیسلام و مەسیحییەتی کەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشوری هەبێت./.