بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر ئەبوشەریف وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە دۆخێکدایە کە هەموو هەوڵێکی بەکار هێناوە تا حکومەتەکەی تا سەد ساڵەیی بەردەوام بێت و ئەمەش بە ڕاشکاوانە لە لایەن بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێستا و پێشووی زایۆنیستەکان باس کراوە.
ناوبراو وتی: بەرپرسانی باڵای ڕژێمی زایۆنیستی ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە هەڵدەوەشێتەوە.
نوێنەری بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە ئێران وتی: ئاستی پەیوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ ئەمریکا دابەزیوە و ئەڵبەت لاوازبوونی هەژمونی ئەمریکا لە ئاستی جیهانی کاریگەریی لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی داناوە و بووەتە کێشەیەک بۆ ئەم ڕژێمە.
ناسر ئەبوشەریف وتی: بابەتی گرنگی دیکە، بەهێزبوون و پێشکەوتنەکانی بەرەی خۆڕاگرییە لە ناوچەکە کە ڕژێمی زایۆنیستیی ڕوبەڕوی کێشە و هەڕەشەیەکی زۆر کردووەتەوە.
ناوبراو وتی: خەبات و بەردەوامی خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین لە کێشە گەورەکانی بەردەم ڕژێمی زایۆنیستییە کە بووەتە هۆی خێراتربوونی ڕەوتی لەناوچوونی ئەم ڕژێمە.
ئەو سەرکردەی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە گەڵ گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین شەڕ و پێکدادانی زۆری هەبووە بەڵام لەم ساڵانەدا شکست و پاشەکشەی زۆری پێوە بینراوە، ئەمەش خاڵێکی گرنگە کە دەبێت سرنجی لە سەر بێت.
ناسر ئەبوشەریف وتی: تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی 5 ڕۆژەی غەززە بە مەبەستی شاردنەوەی قەیرانە ناوخۆییەکان و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان بووە.
وتیشی کە گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین لە 5 ڕۆژی شەڕی غەززە 1300 ڕۆکێتیان ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکان کرد کە گەیشتە شارە گرنگەکانی وەک تەل ئەبیب، ئەوەی کە ڕوونە، ئەوەیە کە ئەمجارەش ڕژێمی زایۆنیستی لە مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی شکستی هێنا./.