تێپەڕبوونی 75 ساڵ بە سەر ئەم ڕووداوەدا نەک تەنیا نەبووەتە هۆی لەبیرکردنی پرسی فەڵەستین، بەڵکوو ڕووداوەکانی ئەم دواییەی غەززە و کەرتی خۆرئاوا پیشانیداوە کە سەرجەم هەوڵەکانی زایۆنیستەکان لەم ساڵانەدا ئەنجامی نەبووە و ئەمڕۆ خۆڕاگرییە کە هاوکێشەی هێز لە فەڵەستین دیاری دەکات و دەتوانێت گەلی فەڵەستین لە ئامانجی کۆتایی و ڕەوای خۆی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە نزیک بکاتەوە.
وشەی ” نەگبەت ” وەبیرهێنەری دوو بیرەوەری زۆر تاڵ لای فەڵەستینییەکان و ڕای گشتییە: یەکەم، دامەزراندنی ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 1948 و دووەم، دەرکردنی زیاتر لە 800 هەزار فەڵەستینی لە نیشتمانی خۆیان لەو کاتەدا.
ڕۆژی نەگبەتی نەک تەنیا هێمای ئەو کارەساتەیە کە لەو ساڵەدا بە سەر خاکی فەڵەستیندا سەپێندرا، بەڵکوو پیشاندەری کێشە و ئازار و نەهامەتییەکانی چەندین دەیەی ڕابردووی ئەو گەلەیە کە بە هۆی سیاسەتی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بەسەریاندا سەپاوە.
لە ڕاستیدا ” یوم النکبە ” گێڕانەوەی تراژدیایەکی مرۆییە کە ڕووخانی بەشێکی زۆر گەورەی بونیادی سیاسی، ئابوری، کەلتوری و یاسایی فەڵەستینییەکانی بە دواوە بووە تا ڕێگای بەردەم ڕاگەیاندنی ڕژێمێکی تەزویر و نایاسایی بکرێتەوە. ڕووخانی زیاتر لە 675 شار و گوند، داگیرکردنی ناوچە فەڵەستین نشینەکان و کردنەوەی بە شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان، دەرکردنی فەڵەستینییەکان، لەناوبردنی میرات و کەلەپور و شوناسی نیشتمانیی فەڵەستینییەکان و گۆڕینی ناوە عەرەبییەکانی ئەو شوێنانە بە ناوی عبری، لە ڕیزی کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 1948 تا ئێستا بووە.
حەفتا و پێنجەمین ساڵڕۆژی نەگبەتی هاوکاتە لە گەڵ چەندین گۆڕانکاری گەورە، کە دیسانەوە پرسی فەڵەستینی خستووەتە سەروی بابەتە گرنگەکانی ناوچەکە و جیهانەوە و دۆخەکەی هێندەی دیکە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی قورستر کردووە.
لە گرنگترینی ئەو ڕووداوانەش، هێرشە چەندقۆڵی و گرنگە مووشەکییەکەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی بووە کە لە کاردانەوەکان بەرامبەر بە دەسدرێژی زایۆنیستەکان لە مزگەوتی ئەقسا، لە کەرتی غەززە، باشوری لوبنان و هەروەها لە بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکراو ئاراستەی ئەو ڕژێمە کرا و پەیامەکەشی یەکڕیزی خۆڕاگری لە ناوچەکە بووە. بەڵام دەسکەوتێک کە ڕەنگە کەمتر کەسێک بیری لێکردبێتەوە، ئەوە بووە کە ئەو هێرشانە و پاشان هێرشە مووشەکییەکەی کەرتی غەززە بۆ سەر شارۆچکە زایۆنیست نشینەکان و لاوازبوونی سیستەمی بەرگریی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ تێکشکاندنی، بووە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکییەکی جیدی لە نێوان بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی تەل ئەبیب و هاوپەیمانەکانی.
ئەوەی کە لە پاش 75 ساڵ، دۆخەکەی هێندەی دیکە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی قورستر کردووە، ئەوەیە کە ئەو ڕژێمە کەوتووەتە گێژاوێک لە کەلێن و ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە نێوان حکومەت و ئۆپۆزسیۆنەوە و هەروەها لە نێوان لایەنەکانی هاوپەیمان لە کابینە توندڕۆکەی نتانیاهۆ، قەیرانێک کە لاوازبوونی بەرگریی زایۆنیستەکانی لە بەرامبەر خۆڕاگری بە دواوە بووە.
هەڵگیرسانەوەی خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین لە سەرجەم ناوچەکان و پاشان پاڵپشتی خەڵکی موسڵمان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و تەنانەت نێودەوڵەتی لەم خەباتە ڕەوایە، پیشان دەدات کە سەرجەم ئەو ڕێکەوتنانەی لەم 75 ساڵەدا بە ناوی سازشتەوە کراون، تووشی شکست بوون و ئەنجامێکیان نەبووە.
بەدەر لەمەش، دۆخی ئێستای ناوچە داگیرکراوەکان زۆر تایبەتە و خەباتگێڕانی فەڵەستینی بە هەر ئامرازێک وەڵامی تاوانی زایۆنیستەکان دەدەنەوە و ئەمەش وایکردووە کە زایۆنیستەکان ڕوبەڕوی هەلومەرجێکی زۆر دژوار ببنەوە، لە بەر ئەوەی کە پێشتر زایۆنیستەکان زیاتر لە باشوری ناوچە داگیرکراوەکان و لە ناوچەی غەززە شەڕی دژ بە فەڵەستینییەکانیان دەکرد بەڵام ئێستا کەرتی خۆرئاوا لە ڕۆژهەڵاتی فەڵەستینی داگیرکراو بە هۆی پڕچەکبوونی گەنجان بووەتە سەنتەری سەرەکی شەڕ و پێکدادانەکان لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی.
بە پیی ئەنجامی خەبات و خۆڕاگری لە ماوەی 75 ساڵی ڕابردوو، ئەمڕۆش خۆڕاگری و یەکڕیزی نێوان لایەنەکانی فەڵەستین باشترین بژاردەی ئەم گەلەیە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی داگیرکار و منداڵکوژی زایۆنیستی، لە بەر ئەوەی کە زایۆنیستەکان بە هیچ شێوازێک پابەندی مافی مرۆڤ و پرۆژە دیمۆکراسییەکان نین و خۆڕاگری بە شێوازی ئێستا دەتوانێت گەلی فەڵەستین لە قۆناغی کۆتایی و ئامانجەکانی بۆ ئازادکردنەوەی خاکە داگیرکراوەکەی نزیک بکاتەوە./.