بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد عەلی دەستماڵی شارەزا لە کاروباری تورکیا سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە وتی: هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەوەی پیشاندا کە گرنگترین ڕکابەری ناوچەیی ئێران چۆن هەڵبژاردنەکانی بەڕێوە دەبات و حزب و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە چۆن کار دەکەن و ئیرادەی خەڵک لە بونیادنانەوەی سیستەمی سیاسی چەندە گرنگە. ئەگەر ئێران سەرجەم سرنج و تێڕوانینی لە سەر گۆڕانکارییە سیاسییەکانی تورکیا بە هەندێک بابەتی لاوەکی ببەستێتەوە و نەیەوێت لە پێکهاتەی هەڵبژاردنەکانی خۆیدا گۆڕانکاری بکات، لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە لە تورکیا دوا دەکەوێت.
ناوبراو سەبارەت بە بۆچوونی هەندێک کەس سەبارەت بە ئیمتیازەکانی سەرکەوتنی کەمال کڵیچدار ئۆغلۆ بۆ ئێران وتی: من پێم وایە کە لێدوانەکانی کڵیچدار ئۆغلۆ لە هەموو شتێک گرنگترە و بەڵگەیەکی ڕوونە سەبارەت بە جیاوازی تێڕوانینەکانی ناوبراو بەرامبەر بە ئێران. لێدوانەکانی ئۆغلۆ سەبارەت بە ڕێگای ئاورێشم سەبارەت بە ئێران بە دوو شێواز بووە. سەرەتا وتی کە دەیەوێت ئەم ڕێگایە لە تورکیاوە دەست پێبکات و بە ئێراندا تێپەڕ ببێت. لە شوێنێکی دیکە وتی کە پێی وایە ڕێگای ئاورێشم دەبێت لە ڕێگای ئێرانەوە بگاتە چین “. ئایا ئەمە بە هۆی دۆستایەتییە لە گەڵ ئێران؟ نە، ناوبراو هەوڵ دەدات ڕاستەوخۆ دەستی بە بازاڕەکانی ئاسیای ناوەڕاست بگات. من پێم وایە کە پرسی قەفقاز و جیهان تورک بوونەتە پرسێکی ستراتیژییە و بە هاتنی کڵیچدار ئۆغلۆ گۆڕانکاری گەورە لەم بەشەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ڕوو نادات. ئەوەی کە هەندێک شارەزای ئێرانی باس دەکەن کە کڵیچدار ئۆغلۆ کێشەی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان لە ئێران دوور دەخاتەوە، هەڵەیە. لە بەر ئەوەی کە گواستنەوەی غازی ئازەربایجان بۆ ئیتالیا مامەڵەیەکی دوو سەر براوەیە و لە داهاتوودا غازی ئاسیای ناوەڕاست لەم ڕێگایەوە دابین دەکرێت و ئەم پرسەش زیاتر لەوەیە کە کێ سەرۆک کۆماری تورکیا بێت.
محەممەد عەلی دەستماڵی سەبارەت بە باشترین دۆخی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بۆ ئێران وتی: من وەڵامی ئەم پرسیارە بە پێی تێڕوانینی خۆم دەدەمەوە و هیوادارم بڵاو بکرێتەوە. بەرژەوەندی گشتی لە ئێراندا ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی بە شێوازێک دابڕێژێت کە مامەڵەی لە گەڵ ئابوری و پرسە جیهانییەکان بە شێوازی بەرژەوەندیخوازانە بێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری بەرچاو ڕوو دەدەن، قەتەر، کوێت، سعوودیە، تورکیا و ئیمارات کەوتوونەتە بەر گۆڕانکاری گرنگی سیاسی و ئێمە دەبێت پرسیار لە خۆمان بکەین کە لە کوێی گۆڕانکارییەکاندا بین. دراوسێی ڕۆژهەڵاتی ئێران بە ناوی ئەفغانستان لەو دۆخەدایە و دراوسێیەکی ڕۆژئاوای ئێران لە گەشەی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە و ئابوریدایە، ئێمە دەبێت بڕیار بدەین بەرەو کوێ بڕۆین. ئەگەر باشترین کەسیش ببێتە سەرۆک کۆماری تورکیا و ئێمە ژێرخانی پێویستمان بۆ بازرگانی لە گەڵ ئەو وڵاتەدا نەبێت، هیچ جیاوازییەکی بۆ ئێمە نابێت، بەڵام ئەگەر کەسێکی دوژمن و نادرووست سەرۆک کۆماری تورکیا بێت بەڵام ئێمە ژێرخانی باشمان لە ئێراندا هەبێت، ئەو سەرۆک کۆمارەی تورکیا ناتوانێت کێشەیەک بۆ ئێران بخوڵقێنێت./.