بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدوڵڵای دووەم لە پەیامێکدا بۆ شێخ نیانگ باڵیۆزی سنێگال لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی کۆمیتەی بەدواداچوونی مافی فەڵەستینییەکان بە بۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵڕۆژی کارەساتی داگیرکردنی فەڵەستین، ناسراو بە یوم النکبە، جەختی لە سەر گرنگی کێشەی فەڵەستین و پابەندبوونی ئەردەن بە هەوڵەکانی بەرگری لە مافی گەلی فەڵەستین لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە دیاریکردنی چارەنووس، مافی سەرجەم گەلانە، وتی: پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە نیو سەدە بە سەر داگیرکردنی فەڵەستین، ناتوانین مافی فەڵەستینییەکان لە دیاریکردنی چارەنووس و دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی فەڵەستین لە سنورەکانی 1967 بە پایتەختی قودسی ڕۆژهەڵات لە بەرچاو نەگرین.
شای ئەردەن ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە هاوئاهەنگی لە گەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان درێژە بە هەوڵەکانی بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەدات.
ڕاشیگەیاند کە ئەردەن پاڵپشتی لە برایانی فەڵەستینی بۆ پاراستنی دۆخی مێژوویی و یاسایی شوێنە پیرۆزەکان دەکات./.