بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆبوونەوەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە خاڵی سنوریی پەشین – مەند بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەدا بەدەر لە شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان، وەزیرانی دەرەوە، وزە، ڕاگەیاندن، وەزیری ڕاوێژکار لە کاروباری نەوت، سەرۆکی ویلایەتی بەلوچستان و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەشدار بوون.
سەرۆک وەزیرانی پاکستان لە کۆبوونەوەی لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات، بە تایبەت پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و چۆنیەتی پەرەپێدانی تاوتوێ کرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕایگەیاندووە کە هەر دوو لا جەختیان لە سەر بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و پاکستان کردووەتەوە.
ئەمە سێهەم کۆبوونەوەی دووقۆڵیی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستانە لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران. ناوبراو ساڵی ڕابردوو لە سەمەرقەند و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە گەڵ ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی کۆبووە.
بازاڕچەی سنوریی ئێران و پاکستان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی و شەهباز شەریف بە فەرمی کرایەوە./.