بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ پێنج شەممە 18 ی ئایاری 2023 لە سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای سیستان و بەلوچستان کە بە مەبەستی کردنەوەی چەندین پرۆژەی ستراتیژی و هەروەها کردنەوەی بازاڕچەی سنوریی هاوبەشی نێوان ئێران و پاکستان بووە، بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان وتی کە دەبێت لە زووترین کاتدا پشکە ئاوی ئێران لە ڕووباری هیرمەند دابین بکەن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەگەر پسپۆڕان و شارەزایانی ئێرانی کەمبوونی ئاوی ڕووباری هیرمەند پشتڕاست بکەنەوە ئێمەش قبووڵی دەکەین، بە پێچەوانەی ئەمە موڵەت نادەین مافی خەڵکەکەمان پێشێل بکرێت و ئەمەش بە جیدی کاری لە سەر دەکرێت.
ناوبراو وتی: دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان دەبێت ئەم قسەی منە بە جیدی وەربگرن و دواتر گلە نەکەن، ئێمە پێداگری لە سەر وەرگرتنی مافی خەڵکی خۆمان لە هەر شوێنێک دەکەین.
هاوکات حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی کە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان کراوە کە شاندێکی تەکنیکی ئێرانی سەردانی بەنداوی کەجەکی وەک سەرچاوەی دابینکردنی پشکە ئاوی ئێران لە هیرمەند بکەن و ئەگەر ئاوی پێویست بۆ دابینکردنی پشکی ئێران هەبێت، دەبێت لە زووترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ئەگەر تاڵیبان ڕێگری لەمەش بکات دەچینە قۆناغی گوشارەکانەوە بۆ دابینکردنی ئەم مافە./.