بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سی و دووەمین کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی، ئەمڕۆ پێنج شەممە 19 ی ئایاری 2023، بە میوانداری سعوودیە لە شاری جەدە بەڕێوەچوو، بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا پاش 12 ساڵ بەشداری کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبیی کرد.
وڵاتانی بەشدار لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی، لە بەیاننامەیەکی کۆتاییدا، جەختیان لە سەر هەوڵی هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی دادپەروەرانەی کێشەی فەڵەستین کردەوە و ڕایانگەیاندووە کە دەبێت دەستێوەردانی بێگانەکان لە کاروباری وڵاتانی عەرەبی ڕابگیرێت.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە دەستخۆشی لە گرنگیدان و هەوڵەکانی سعوودیە لە پێناو دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەشەی ئابوریی ناوچەکە دەکرێت بەڵام لە هەمان کاتدا پێویستە کە گرنگی بە پیرۆزییەکان، کەلتورەکانی دیکە، دەسەڵات، سەروەری و پاراستنی یەکپارچەیی وڵاتانی دیکەش بدرێت.
وڵاتانی عەرەبی هەروەها جەختیان لە سەر بەردەوامی هەوڵەکان لە لایەن وڵاتانی ناوچەکە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی قەیرانی یەمەن کردووەتە و ڕایانگەیاندووە کە دەبێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی سوریا، هاوکاری ئەم وڵاتە بکرێت.
لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەی عەرەبیدا هاتووە کە پرسی فەڵەستین، پرسێکی سەرەکی عەرەبییە و سەبارەت بە لوبنانیش هاتووە کە دەبێت لە زووترین کاتدا سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و کابینەی نوێ پێک بهێندرێت./.