بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خالید مەشعەل سەرۆکی بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامی فەڵەستین (حەماس) لە دەرەوە، ڕۆژی شەممە 20 ی ئایاری 2023 جەختیکردەوە کە قودس و مزگەوتی ئەقسا ئەمڕۆ لە شەڕێکدان کە دوژمنی زایۆنیستی هەوڵ دەدات ئەو شەڕە لە بەرژەوەندی خۆیدا کۆتایی بێت.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات مزگەوتی ئەقسا لە ڕووی کات و شوێنەوە دابەش بکات و بەمەش بتوانێت پیلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
مەشعەل شەڕی شمشێری قودسی بە پەیامێک بۆ خەڵکی جیهان بە گشتی ناو برد و وتی: پەیامەکەش ئەوەیە کە خەڵکی فەڵەستین لە گۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە و بەرگری لە مزگەوتی ئەقسا دەکەن و ئەم شەڕەش بەردەوام دەبێت.
سەرۆکی حەماس وتی کە ئەم بزوتنەوەیە داوای یەکڕیزی فەڵەستینییەکان دەکات و ژووری عەمەلیاتی هاوبەشیش لەم پێناوەدایە.
خالید مەشعەل وتی کە شەڕی فەڵەستین تەنیا بەم خاکەوە سنوردار نییە بەڵکوو شەڕی سەرجەم گەلانی عەرەبی و ئیسلامییە./.