بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەمڕۆ شەممە 20 ی ئایاری 2023 لە چاوپێکەوتنی وەزیر و کاربەدەستانی وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەڵ بەڕێزیان، داوای ئەوەیان کرد کە گۆڕانکاری و ڕووداوە کاریگەرەکان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ بە دەستهێنانی پێگەی شیاوی ئێران لە سیستەمی داهاتووی جیهان، بەردەوام شوێنگری بکرێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، سیاسەتی دەرەوەی باش و دەزگای دیپلۆماسی کارامەیان بە بەشێکی سەرەکی ئیدارەدانی سەرکەتووی وڵات ناو برد و ڕایانگەیاند کە ئامادەبوونی کاریگەر و ئامانجدار لە گۆڕانکارییەکان، ڕووداوەکان و ڕەوتە جیاجیا سیاسی و ئابورییەکانی جیهان، چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی سیاسەت و بڕیاری هەڕەشە لە دژی ئێران، لاوازکردنی سەرچاوە مەترسیدارەکان، بەهێزکردنی وڵاتان و حکومەتە هاوپەیمانەکانی ئێران و پەرەپێدانی قووڵایی ستراتیژی، هێزی دیاریکردنی لاپەڕە شاراوەکان لە بڕیار و کردەوە ناوچەیی و جیهانییەکان بە چەندین تایبەتمەندی سیاسەتێکی دەرەوەی سەرکەوتوو دادەنرێن.
بەڕێزیان هەروەها شرۆڤەی سێ بنەمای سەرەکیی ” سەربەرزی، حیکمەت و بەرژەوەندی ” ییان لە سیاسەتی دەرەوەدا کرد و ڕایانگەیاند کە لە پرسە جیهانییەکاندا بە لێدوان و کردەوە و ڕوبەڕوبونەوەی کردەوەی لایەنەکانی دیکە، سەربەرزانە و بە پێی بنەماکانی خۆیان هەنگاو دەنێین.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی هەروەها بە ئاماژە بە سنورە هاوبەشەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی دیکە بە تایبەت وڵاتانی گرنگ، سیاسەتی کابینەی ئێستایان بۆ پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە درووست و گرنگ ناو برد و وتیان: دەستی بێگانە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی ئێران و وڵاتانی دراوسێ چالاکە و نابێت دەرفەتی سەرکەوتنی ئەو دەستانە بدرێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ئەمڕۆ بەشێک لە وڵاتانی گەورە و گرنگی جیهان لە هەندێک پرسی سەرەکی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێرانن و دەبێت بایەخ بەم دەرفەتە بدرێت و پەیوەندی لە گەڵ ئەو وڵاتانە بەهێزتر بکرێت./.