بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕۆژی شەممە 20 ی ئایاری 2023 لە میانەی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمێکدا لە پارێزگای نەینەوا، وتی کە بە هۆی ئازایەتی و چالاکی هێزە چەکدارەکانی عێراق، تیرۆریستانی داعش چیدی توانای پێشوویان نەماوە.
ناوبراو لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو، وتی: تواناکانی داعش لە زۆر بوارێکدا بە شێوازی بەرچاو دابەزیوە و بە هۆی سەرکەوتنە ئەمنییەکانەوە و هەروەها هەوڵە هەواڵگرییەکانی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکە، دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ چالاکییەکانی داعش نەماوە.
سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی وتی کە گرووپی تیرۆریستی داعش چیدی بنکەی جەماوەریی لە عێراقدا نەماوە و ژمارەیان بۆ کەمتر لە 700 کەس دابەزیوە و ئەمەش پیشاندەری ئەوپەڕی لاوازبوونیەتی.
فالح فەیاز وتی کە داعش میدیاکەشی نەماوە کە جاران وەک سەرەکیترین ئامرازی دەستی خۆی بەکاری دەهێنا.
ناوبراو لە وەڵامی پڕوپاگەندەی میدیایی وڵاتانی ڕۆژئاواش وتی کە حەشدی شەعبی بڕیار نییە شوێنی سوپا و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە بگرێتەوە و بێگومان هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕێز لە پێگە و هەوڵەکانی حەشدی شەعبی دەگرن./.