بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی شەوی ڕابردوو (هەینی 19 ی ئایاری 2023) بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی تایبەت بە پێشوازیی محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە جەدە، ڕایانگەیاند کە ئەمە سەرکەوتنی ئەسەد و سوریا بووە.
میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕاپۆرتەکانی خۆیان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە باشتر ئەوەیە بڵێین کۆمکاری عەرەبی بەرەو سوریا گەڕاوەتەوە نەک بە پێچەوانەوە.
لە ڕاپۆرتی میدیا زایۆنیستییەکاندا هاتووە کە ئەوەی ڕوو دەدات سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ سوریا و سەرۆکەکەی و ئەوەش کە ماوە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانە لە گەڵ تورکیا بۆ دۆخی پێشووی خۆی.
ڕۆعی کایس شرۆڤەکاری سیاسی لە تەلەفزیۆنی کان ی ڕژێمی زایۆنیستی، وێنەیەکی محەممەد بن سەلمان و بەشار ئەسەدی پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەمە سەرکەوتنی ئەسەدە.
ئەلداد بیک ڕۆژنامەنووسی زایۆنیست بە هەمان شێوە لە سەر ئەم ڕووداوە هاتووەتە دەنگ و ڕایگەیاندووە کە بە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، بەهاری عەرەبی بە فەرمی کۆتایی هاتووە و جیهانی عەرەبی، دیسانەوە دۆسیەی فەڵەستینی کردووەتە یەکەم نیگەرانیی خۆی./.