ئەمە تەنیا هەڵوێستی زایۆنیستەکان سەبارەت بە ئەگەری نزیکبوونەوەی ئێران و میسر و دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات نییە. سەمدار بیری شرۆڤەکاری زایۆنیست بۆ کاروباری عەرەبی لە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئاحارانۆت ڕایگەیاندووە کە شاندەکانی ئیسرائیل بە نهێنی سەردانی قاهیرەیان کردووە تا لە سەر ئەوەی کە چۆن ڕێگری لە نزیکبوونەوەی ئێران و میسر بکرێت، دانوستان بکەن.
ئێمە هێندە گرنگی بە ڕاپۆرت و هەواڵی میدیا زایۆنیستەکان نادەین لە بەر ئەوەی کە پیشەی زۆربەیان درۆ و پڕوپاگەندەیە، بەڵام ئەوەش دەزانین کە هەر چەشنە پەیوەندییەکای عەرەبی – عەرەبی یان عەرەبی – ئێرانی بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستیدا نییە. ئەوەش پێویستە بوترێت کە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە کاتی هەبوونی پەیوەندییەکی سەقامگیر و بەهێز لە نێوان وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ئێران، ئاسایش و سەقامگیریی نابێت، لە کاتێکدا کە ناکۆکی، قەیران و ئاڵۆزییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کەشێکی لەباری بۆ ئەو ڕژێمە داگیرکارە ڕەخساندووە.
لێدوانەکەی سەمدار بیری شرۆڤەکاری زایۆنیست بۆ کاروباری عەرەبی لە ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئاحارانۆت بە تەواوی درۆیە. میسر وڵاتێک نییە کە لایەنەکانی دیکە بۆچوونی خۆیان بە سەریدا بسەپێنن، ئەویش لەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە دەسەڵات و بەرژەوەندی گەلەکەیەوە هەیە. بۆ ئەمەش بەڵگە و نموونەی زۆر هەیە و تەنانەت هەندێک کات قاهیرە گوشارەکانی ئەمریکاشی بە هۆی دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی میسرەوە ڕەتکردووەتەوە، تا بگاتە ئەوەی کە ڕژێمێکی داگیرکاری وەک ڕژێمی زایۆنیستی دەستێوەردانی لە کاروباری پەیوەندییەکانی میسر و وڵاتانی دیکەدا هەبێت.
لاپید ئەوەی بە درووستی باس کردووە کە ” نزیکبوونەوەی ئێران و میسر لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی یەک ناگرێتەوە “. بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕژێمە لە دژی بەرژەوەندییەکانی میسر و بە گشتی وڵاتانی ناوچەکەیە، بەڵام ئەوەی کە لاپید لەبیری کردووە، ئەوەیە کە وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت لە پاش ئاشتەوایی ئێران و سعوودیە کە بە نێوەندگێڕیی عێراق، عۆمان و چین مسۆگەر کرا و هەروەها لە پاش داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ یەکتر، سەرقاڵی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێن و جیهانیش بە گشتی سیستەمی تاک جەمسەری ئەمریکای بە لاوە ناوە و بەرەو جیهانێکی چەند جەمسەری هەنگاو دەنێت.
سەرکردەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لەوە نیگەرانن کە نزیکبوونەوەی ئێران – سعوودیە، ئێران – میسر و سوریا – وڵاتانی عەرەبی دەتوانێت کۆتایی بە تاوانەکانی ئەو ڕژێمە بێنێت و ڕەوتی لاوازبوون و لەناوچوونی خێراتر بکات. بێگومان لە ئەگەری سەرکەوتنی ئەم کەشە ئەرێنییەی ناوچەکە، ڕژێمی کاتی و داگیرکاری زایۆنیستی زیاتر لە پەراوێزدا دەبێت./.