بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ئاماژەی بەوەداوە کە بەکارهێنانی شەکری دەستکرد بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ هاوکار نابێت لە دابەزاندنی کێشی زیادەی جەستە و ئەو کاریگەرییەی تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت.
هەروەها ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشداوە کە ڕەنگە کاریگەری نەخوازراوی بەکارهێنانی درێژخایەنی جێگرەوەی شەکرە هەبێت، وەک زیادبوونی مەترسی توشبوون بە جۆری دووەمی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.
لە سەر ئەو بابەتە فرانسیسکۆ برانکا بەڕێوەبەری دەزگای خۆراک و تەندرووستی لە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە خەڵک پێویستە بیر لە ڕێگای دیکە بکەنەوە بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی شەکر، وەک خواردنی ئەو خۆراکانەی کە شەکری سرووشتییان تێدایە، وەک میوە، یان خواردن و خواردنەوەکانی شیرین نەکراو.
برانکا ڕایگەیاندووە کە شیرینکەرە دەستکردەکان هیچ مادەیەکی خۆراکی بەسوود دابین ناکەن بۆ ژیانێکی تەندرووست، هەر بۆیە پێویستە خۆراکی هاوسەنگ بگیرێتەبەر کە شەکری کەمی تێدا بێت.
ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ڕایگەیاندووە کە پێشنیارەکەی هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە، جگە لەو کەسانەی کە پێشتر نەخۆشی شەکرەیان هەیە.
شەکری دەستکرد هیچ کانزا و ڤیتامینێک ناداتە جەستە، زیانی زۆریشی لێدەدات، بۆیە گرنگە هەموو مرۆڤێک بیر لە پلانێک بکاتەوە بۆ وازهێنانی یەکجارەکەی لە خواردنی شەکری دەستکرد، یان کەمکردنەوەی، ئەویش لە بەر ئەو هۆکارانە کە باس کران./.