گرنگی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی نەک بە هۆی وەرگرتنەوەی کورسی ئەو وڵاتەیە، بەڵکوو بە هۆی گەڕانەوەیە بۆ پێگەی خۆی وەک وڵاتێکی پێشەنگ و سەرکردە لە جیهانی عەرەب، لە ڕاستیدا تەواوی ئەو وڵاتانەی کە لە کۆبوونەوەی جەدە بەشدارییان کرد دانیان بە ڕۆڵ و شەرعییەتی سوریا و ئەو زوڵمەدا نا کە لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوو لە دژی ئەو وڵاتە و گەلەکەیدا کراوە.
ئەگەر سرنجی کۆبوونەوەکانی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە ساڵانی ڕابردوودا بدەین، هێندە لەم بابەت و قسانەی تێدا نەبووە، لە بەر ئەوەی کە لە ساڵانی ڕابردوو بەشداربووان بە ڕواڵەت باسی کێشەکانی وەک فەڵەستین، لوبنان، یەمەن و ….. یان دەکرد و هیچ کات باسی سوریا نەدەکرا. بەڵام لە کۆبوونەوەی ئەمساڵ چیدی لێدوانە هەمیشەییەکانی ئەحمەد ئەبولغەیس ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی و کەسانی دیکە دووبارە نەکرایەوە.
وتارەکەی بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەی لوتکەی جەدە، پشتڕاست کردنەوە و جەختکردنەوە لە سەر گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی بوو و ئەوەی سەلماند کە لێرەدا بابەتەکە پەیوەندی سوریایە بە جیهانی عەرەبی، نەک ئەوەی کە خۆی بە سەر وڵاتانی عەرەبیدا بسەپێنێت. لە ڕاستیدا ئەسەد گەڕایەوە تا یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی عەرەب بە پێی بنەما و یاسا و تێڕوانینەکانی خۆی بێت.
ئامادەبوونی بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەی جەدە، لە ڕاستیدا سەرکەوتنی ئەو بنەما و بۆچوون و پیرۆزییانەیە کە لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە پابەندی بووە، وەک چۆن کە یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی جەدە، گرنگیدان بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و هەوڵدان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە بووە.
هەڵپەساردنی ئەندامێتی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی، هەر لە سەرەتاوە بڕیارێکی هەڵە و نایاسایی بووە. پێویستە بوترێت کە ئەوە کۆمکاری عەرەبی بووە بۆ سوریا گەڕاوەتەوە، لە بەر ئەوەی کە سوریا هیچ کات وازی لە بنەما و پیرۆزییەکانی خۆی نەهێناوە./.