بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژمارەیەک لە شارەزایانی سیاسی و توێژەران، ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی عەرەب و ڕووسی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی و بەشداری بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەی لوتکەی جەدە، ڕووداوێکی گرنگ بووە و وایکردووە کە کۆبوونەوەی ئەمجارەی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی جیاوازتر بێت.
ئەحمەد ئیبراهیم نووسەری ئیماراتی لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی ” الوطن ” ی ئەو وڵاتە بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە سوریا سەرەڕای ئەوەی کە تێپەڕی کردووە، وڵاتێکە بە خەون و ئامانجی گەورە و گەڕانەوەشی بۆ کۆمکاری عەرەبی پێویستی بە پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی هەیە تا بتوانێت پشکی گەورەی لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی وڵاتانی عەرەبیدا هەبێت.
سوریا پەناگەی هەمیشەیی ئەوانەیە کە هەوڵی دابینکردنی ئاسایش و ئاشتی دەدەن
نەسیم ئەلخوری نووسەری ئیماراتی جەختیکردووەتەوە کە سوریا بە درێژایی مێژووی خۆی پەناگەیەکی هەمیشەیی بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە هەوڵی دابینکردنی ئاسایش و ئاشتی دەدەن و ئەمڕۆ دیسانەوە ئامێزی خۆیی بە ڕووی برایانی عەرەبی خۆیدا کردووەتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کۆبوونەوەی لوتکەی جەدە وەک کۆبوونەوەی تایبەتی سوریا بووە و وێستگەیەکە کە بەڵێنی داهاتوویەکی عەرەبی دەدات، ئەو کۆبوونەوەی کە بەشار ئەسەد پاش ساڵانێک بەشداریی تێدا کرد.
محەممەد سادق حوسێنی نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی ” البناء ” ی لوبنان بڵاو بووەتەوە، جەختیکردووەتەوە کە کۆبوونەوەی لوتکەی جەە لە ڕاستیدا کۆبوونەوەی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بووە.
فەیسەڵ عەبد ساتر شرۆڤەکاری سیاسی لوبنان و بەڕێوەبەری سەنتەری میدیایی ” دال ” ڕایگەیاندووە کە سەرۆک کۆماری سوریا لە وتارەکەی خۆی لە کۆبوونەوەی جەدە تێڕوانینێکی نوێی بۆ ئێستا و داهاتوو خستەڕوو.
پەراوێزکەوتنی سوریا لە بەرژەوەندی جیهانی عەرەبیدا نییە
لە هەمان کاتدا توێژەرانی ڕووسیاش جەختیانکردووەتەوە کە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی و بەشداری ئەم وڵاتە لە کۆبوونەوەی جەدە، هەنگاوێکی گرنگ لە پێناو خزمەت گەیاندن بە وڵاتانی عەرەبییە و پیشاندەری شکستی پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە.
یۆری زینین شرۆڤەکاری باڵا لە کۆلێژی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە بەشداری سەرۆک کۆماری سوریا لە کۆبوونەوەی سی و دووەمی لوتکەی عەرەبی لە شاری جەدەی سعوودیە، کاریگەرییەکی زۆری لە سەر چاودێران و شرۆڤەکاران هەبووە و ئەمەش پیشاندەری ڕووداوێکی گرنگ لە مێژووی کۆمکاری عەرەبیدایە.
ناوبراو بە ئاژانسی فەرمی سوریای ڕاگەیاند کە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەراوێزکەوتنی ئەم وڵاتە لە بەرژەوەندی جیهانی عەرەبیدا نییە.
زینین وتی کە سوریا سەرەڕای سەرجەم گوشار و دەستێوەردانەکان، نموونەیەکە بۆ بەرگری لە سەروەری نیشتمانی و پابەندبوون بە شوناسی نەتەوەیی.
بۆریس دولگۆف توێژەری باڵای گرووپی توێژینەوە عەرەبی و ئیسلامییەکان لە دامەزراوەی ڕۆژهەڵات ناسی ڕووسیا وتی: گەڕانەوەی سەرکەتووانەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کە بە بەشداریی بەشار ئەسەد لە جەدە تەواو کرا، پیشاندەری گۆڕانکارییەکی گەورەیە کە لە بەردەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبێت.
ئەو توێژەرەش بە هەمان شێوەی پێی وایە کە ئەم گۆڕانکارییانە پیشاندەری شکستی سیاسەت و پیلانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییە.
سوریا ڕۆڵێکی بەرچاوی دیپلۆماسیی لە کۆبوونەوەی جەدە گێڕا
ئەلکسی پیلکۆ ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی ڕووسیا جەختیکردووەتەوە کە ڕۆڵی پێشەنگی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بووەتە هۆی سەرکەوتنی زۆر بۆ گەلی ئەم وڵاتە.
ناوبراو وتی: گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی لە ڕاستیدا لە پاش سەرکەوتنەکانی گەلی ئەم وڵاتە لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم بووە و ڕۆڵی کۆمکاری عەرەبیشی وەک سەنتەرێکی ناوچەیی چالاک کردووە.
پێشوازی لە بەشار ئەسەد پەیامێکی ڕوونی بۆ ئەمریکا و ئەورووپا هەبووە
ڕۆمەن پرۆیزینتسف شرۆڤەکاری سیاسی لە کەناڵی TVTS ی ڕووسیا جەختی لە سەر گرنگی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی کردووە و وتی کە جیهان گرنگی بە چەند جەمسەری دەدات و وڵاتانیش بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان بە لاوە گرنگترە.
ناوبراو هیوای خواست کە کۆمکاری عەرەبی ڕۆڵی سوریا وەک سەنتەرێکی سەربەخۆی سیاسی و ئابوریی ناوچەکە بگەڕێنێتەوە.
ئەو شرۆڤەکارەی ڕووسیا بە ئاماژە بە پێشوازی گەرمی جێنشینی سعوودیە و سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی دیکە لە بەشار ئەسەد، وتی کە پەیامێکی گرنگ و ڕوون بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپییە کە بە ناکۆکی خستنە نێو وڵاتان و گەلانی ناوچەکە ڕاهاتوون.
پرۆیزینتسف جەختیکردەوە کە گەلانی ناوچەکە ئەمڕۆ ئازاتر و بەهێزترن تا ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و جەخت لە سەر سەربەخۆیی و ئازادی خۆیان لە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان بە بێ هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی بکەنەوە./.