بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موتی کیدار ڕۆژهەڵاتناسێکی زایۆنیست لە چاوپێکەوتنی کەناڵی 7 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی لە شرۆڤەی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە بە تایبەت مانۆڕە سەربازییەکەی حزبوڵڵا لە باشوری لوبنان، وتی: ئەم مانۆڕە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لە گەڵ شەڕەی ئەم دواییەی غەززەوە هەیە و نەک تەنیا بۆ ئیسرائیل، بەڵکوو پەیامیشی بۆ ئەمریکا هەیە.
ناوبراو نیگەرانی خۆی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی دەربڕی و وتی: ئەوەی کە بینرا، خۆبەدەستەوەدانی جیهانی عەرەبی لە بەرامبەر هێزی ئێران بوو، پێشتریش سعوودیە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئێران ئاسایی کردبووە، ئێران لە ئیمارات دەستڕۆیشتووە و پەیوەندیی لە گەڵ حکومەتی ئەم وڵاتە هەیە، لە بەر ئەوەی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوە دەزانێت کە ئیسرائیل لاواز بووە، ئەمەش بە کردەوە بینراوە و لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە کابینەی نتانیاهۆ و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە پرۆژەی چاکسازی لە دەسەڵاتی دادوەری بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە.
کیدار وتی: وڵاتانی عەرەبی بەو ئەنجامە گەیشتوون کە بۆ ئەوان باشترە لە وڵاتانی وەک ئێران، چین و ڕووسیا نزیک ببنەوە، ئەوان بەم کارەیان ڕایانگەیاند کە ئێمە هاوپەیمانییەک پێک دێنین کە لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕابوەستێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ڕۆژئاوا تەنانەت لە کاردانەوەیان بەرامبەر بە ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراینا تووشی کێشە بوون و لە بەرامبەر چین و دۆسیەی تایوان هیچیان پێناکرێت و لەوەش گرنگتر، لە بەرامبەر بەرزبوونەوەی پێگەی ئێران و بوونی بە هێزێکی ناوچەکە کە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات، هیچ هەنگاوێکی نەناوە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: جیهانی ئەمڕۆ دوو جەمسەرییە، هەر جەمسەریش پلان و بەڵێن و ئامانجی تایبەت بە خۆیی هەیە بەڵام لەم نێوەندەدا هیچ کەس حسێبێک بۆ ئەمریکا ناکات لە بەر ئەوەی کە کاراکتەری سەرەکی وڵاتانی دیکەن.
یۆنی بن مناخیم شرۆڤەکاری گۆڤاری زەمان لە ڕژێمی زایۆنیستیش نووسینێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بەشداری بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە جەدە، لە ڕاستیدا بوونی ئێران لەو کۆبوونەوەدا بووە.
ناوبراو وتی: بەردەوامی مانەوەی بەشار ئەسەد بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل ڕوبەڕوی مەترسی دەکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە سوریا شوێنی مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە، ئێرانێک کە خۆی لە بوون بە هێزێکی ناوەکی نزیک دەبێتەوە و باڵی بە سەر تەواوی بەرەی خۆڕاگریدا ڕاکێشاوە.
ئەو شرۆڤەکارە زایۆنیستەش وەک کەسانی دیکە لە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی و بەشداری ئەسەد لە کۆبوونەوەی جەدە توڕەبوونی خۆیی نەشاردەوە و وتی: سەرۆک کۆماری سوریا لە ڕاستیدا نوێنەری ئێران لە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بووە و جێبەجێکاری پلانەکانی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشداری ناوبراو لە کۆبوونەوەی جەدە پیشاندەری دووڕوویی عەرەبییە، ئەمەش هەنگاوێکی دیکە لە ڕەوتی لاوازبوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە بەرامبەر بەهێزبوونی بەرەی ڕووسیا و چین لەم ناوچەیە دەبینرێت.
یۆنی بن مناخیم دانی بەوەدا نا کە ئەم دۆخە دەتوانێت بەهێزبوونی زیاتری ئێرانی بە دواوە بێت کە بە سەر ئیسرائیلدا دەسەپێت و تەل ئەبیب دواتر هێزی گۆڕانکاریی نابێت.
بە وتەی ناوبراو، بەرەی خۆڕاگری لە لایەن ئێرانەوە سەرکردایەتی دەکرێت و لە داهاتوودا ئازادانە و بەهێزتر بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل چالاکی دەکات و ستراتیژی (شەهید حاجی) قاسم سلێمانی بۆ گەمارۆدانی زیاتری ئیسرائیل لە ڕێگای سەدان هەزار مووشەک و ڕۆکێت و دۆرنەوە جێبەجێ دەکەن.
ئەو شرۆڤەکارە زایۆنیستە لە درێژەدا وتی: گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی زیان بە هەوڵەکانی تەل ئەبیب بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی عەرەبی – ئیسرائیلی لە دژی تاران دەگەێنێت، سعوودیە و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن و لەم پێناوەدا ئەو ڕاستییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قبووڵ دەکەن.
وتیشی کە بەشار ئەسەد لە کاتێکدا شەرعییەتی خۆیی لە کۆمکاری عەرەبی وەرگرتەوە کە وازی لە ڕێکەوتنی ستراتیژی لە گەڵ ئێران نەهێنا و ئەمەش دەتوانێت پێگە و مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی تاران لە ناوچەکە بەرزتر بکاتەوە./.