بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێحسان خاندوزی وەزیری ئابوری و دارایی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە وەک یەکەم بەرپرسی فەرمی ئەم وڵاتە لە پاش دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە سەردانی ڕیازی کرد، لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ کەناڵی العالم، سەبارەت بە دەسکەوتەکانی ئەم سەردانە لە پێناو پەرەپێدانی هاوکارییەکان، بە تایبەت لە بواری نەوت و غاز و بە گشتی سیاسەتی کابینەکەی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بۆچوونی خۆیی خستەڕوو.
دەقی ئەو وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ئامانج لە سەردانەکەی ئێوە وەک یەکەم بەرپرسی باڵای ئێران بۆ سعوودیە لە پاش ڕێکەوتنی تاران – ڕیاز چی بووە؟
ئامانجی سەرەکی بەشداری لە دانیشتنی ساڵانەی بانکی پەرەپێدانی ئیسلامی بووە کە ئەمساڵ لە شاری جەدە بەڕێوەچوو، وەک ئێوەش ئاگادارن، بانکی پەرەپێدانی ئیسلامی گرنگترین دامەزراوەی دارایی وڵاتانی موسڵمانە و کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم بانکە و سێهەم پشکداری گەورەیە کە لە ساڵانی ڕابردووش پەیوەندییەکی زۆر باش و پرۆژەی سەرمایەگوزاری زۆریش لە گەڵ ئەم بانکەدا هەبووە.
لە پەراوێزی ئەو دانیشتنەدا بە پێی ئەوەی کە وەک یەکەم بەرپرسی فەرمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پاش دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات، سەردانی سعوودیەم کردبوو، کەڵکم لەو دەرفەتە بۆ وتووێژ لە گەڵ هاوتا سعوودییەکەم وەرگرت، ئەڵبەت لە پەراوێزی دانیشتنی بانکی پەرەپێدانی ئیسلامی لە گەڵ وەزیرانی ئابوری و دارایی وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش وتووێژ کرا بەڵام ڕەنگە هیچ یەک لەوان لە ئاست گرنگی کۆبوونەوە لە گەڵ وەزیری ئابوری سعوودیە نەبووە و بە بۆچوونی من کرانەوەیەکی زۆر باش لە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بەدیکرا.
ئێوە چەند کۆبوونەوەیەکتان لە گەڵ بەرپرسانی سعوودیە هەبوو، دەکرێت لە سەر دەسکەوتەکانی ئەو کۆبوونەوانە باس بکەن؟
پێش باسکردنی دەسکەوتەکان، پێویستە سەبارەت بە بەستێن و هەلومەرجی ئابوری کە ڕوبەڕوی ئێمە بووەتەوە قسە بکەم. ئەو هەلومەرجەی کە کابینەی سێزدەیەم ڕادەستی کرا، گوشارێکی زۆر بوو و ئێمە لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوو لە ڕووی سزا بانکی، بازرگانی و داراییەکانەوە گوشارێکی زۆرمان لە سەر بووە. حکومەت و تیمە ئابورییەکەی کە منیش ئەندامێک لەوانم، لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو هەوڵیدا تا بە سەر بەشیک لەو کێشە و گوشارانەدا زاڵ ببێت. ئەمڕۆ کە لە گەڵ ئێوە قسە دەکەم بەشێکی بەرچاو لە هەناردەی نەوتی لەدەستچووی ئێرانمان بۆ ساڵانی ڕابردوو گەڕاندووەتەوە. هەورەها هەناردەی نانەوتی ئێران لە ساڵانی 2021 و 2022 گەیشتە بەرزترین ئاستی هەناردەی نانەوتی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو. پرسی بودجە و دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی حکومەت و کورتهێنانی بودجە کە ڕوبەڕوی حکومەت بوویەوە، بەو سیاسەتەی کە جێبەجێ کرا، دابەزی و هەلومەرجەکە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.
گەشەی وەبەرهێنانی کەرتی پیشەسازی و کانزاکانی ئێران و هەروەها دابینکردنی هەلی کار و دابەزینی ڕێژەی بێکاری وڵات پاش هەوڵەکانی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو لە هەلومەرجێکی باشدایە. ئەڵبەی بەردەوام ئەم پرسە گرنگە لای ئێمە وەک بابەتێکی سەرەکییە کە دەبێت ڕێژەی هەڵئاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان کۆنتڕۆڵ بکرێت کە بانکی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەشەکانی دیکەی حکومەت هەوڵەکانیان لە سەر ئەمە چڕ کردووەتەوە.
یەکێکی دیکە لە دەسکەوتەکانی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو ئەوە بووە کە بە سیاسەت و پێداگریی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندییەکانی ئێمە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بەراورد بە دوو یان سێ ساڵی ڕابردوو گەشەی بەرچاوی هەبووە، نەک تەنیا لە بواری هاتووچۆی شاندە دیپلۆماسییەکان، بەڵکوو لە پەسەندکردنی ئەندامبوونی ئێران لە هاوپەیمانییە گەورەکانی ناوچەیی و ئاسیایی و هەروەها سەبارەت بە دەسکەوتە ئابورییەکان، ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێمە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و سیاسەتی دراوسێبوون، سیاسەتی پەیوەندی لە گەڵ هاوبەشە ستراتیژییەکانی وەک ڕووسیا و چین بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێمە لە گەڵ ئەوان و سەرمایەگوزاریش زیادیکردووە و ئێمە گەیشتووینەتە قۆناغی واژۆکردنی گرێبەستەکانی سەرمایەگوزاری.
لەم هەلومەرجەدا لە گەڵ لایەنی سعوودی دانوستان کرا سەبارەت بە سێ تەوەری بازرگانی، سەرمایەگوزاری و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان. ئەڵبەت بۆ دوو وڵات کە بۆ ماوەی نزیک لە 8 ساڵ پەیوەندییەکانیان پچڕابووە، قسەکردن لە سەر دەسکەوتە ئابورییەکان هێشتا زووە بەڵام ئێمە لەو کۆبوونەوەدا نەخشەڕێگای دەستپێکردنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و داراییەکانمان خستەڕوو و هیوادارین بە پێی ئەو پێشوازییەی کە لایەنی سعوودی پیشانیدا، بە کردەوەش ئەوە ببینین کە دۆستان و برایانی ئێمە یارمەتیدەری جێبەجێکردنی بن.
ئایا پلانێک بۆ کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵات لە داهاتوویەکی نزیکدا هەیە و ئایا لە کۆبوونەوەکانی ئێوە و وەزیری دارایی سعوودیە باس لە کردنەوەی باڵیۆزخانەکان کرا؟
وەزارەتی دەرەوەی ئێران و سعوودیە کار لە سەر کردنەوەی باڵیۆزخانەکان دەکەن، هەروەها کۆنسووڵخانەکانیش لە پاش کردنەوەی باڵیۆزخانەکان دەکرێنەوە.
لە بواری پەیوەندییەکان، بەدەر لە بەشی دیپلۆماسی، لە کۆبوونەوە لە گەڵ وەزیری دارایی سعوودیە ئەوەم باسکرد کە شاندەکانی کەرتی تایبەتی ئێران، واتە بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکان سەردانی سعوودیە بکەن و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو سەردانانە دەست پێدەکات، لە لایەکی دیکەوە ئێمە ئامادەین کۆمپانیاکانی سعوودیە پێشوازی لە کۆمپانیاکانی سعوودیە بکەین، لە بوارە جیاجیاکان، بە تایبەت لەو تەکنۆلۆژیانەی کە ئێران دەستی باڵای تێدا هەیە و لەوەدا سەرکەوتوو بووە بە پشت بەستن بە توانای خۆماڵی لە هەلومەرجی گەمارۆکاندا لەو بوارانە بگاتە پێشکەوتنی بەرچاو.
لە بواری تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوودا ئێران ئامادەی هاوکاری و پێشوازییە لە شاندەکانی سعوودیە و هەوڵ دەدەین تا کۆتایی وەرزی هاوین بتوانین نەک تەنیا لە کەرتی حکومی، بەڵکوو لە کەرتی تایبەتیشدا پەیوەندی و هاوکارییەکان بە کردەوە دەست پێبکات.
لە بواری هاوکارییە ئابورییەکانی هەر دوو وڵات، بابەتێک کە من و هاوتاکەم لە سعوودیە لە کۆبوونەوەکەدا بۆچوونی هاوبەشمان لە سەری هەبوو، پرۆژەکانی سەرمایەگوزاری لە بواری نەوت و غاز بووە کە لە تایبەتمەندییە ئابورییەکانی ئێران و سعوودیە هەژمار دەکرێت. هەوڵ دەدرێت لەم دەرفەتە هاوبەشەی هەر دوو وڵات کەڵک وەربگیرێت، هەروەها پرسی گەشتە ئاسمانییەکان، بابەتە داراییەکانی حەج و حاجییە ئێرانییەکان، ئەمانەش لەو بابەتانە بووە کە تاوتوێ کراوە.
لەو سەردانەدا بەشیک لە وتارەکەتان لە دانیشتنی ساڵانەی بانکی پەرەپێدانی ئیسلامی بە زمانی عەرەبی بوو کە لە لایەن سعوودییەکانەوە پێشوازی لێکرا، ئەم کارەی ئێوە چ پەیامێکی هەبوو؟
زمانی عەرەبی، زمانی قورئانی پیرۆزە و قوتانییە ئێرانییەکان هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە قورئان و زمانی عەرەبی فێر دەبن، بە بۆچوونی ئێمە باشترین ڕێگای گەیاندنی پەیام بە وڵاتانی برادەر و وڵاتانی دیکەی موسڵمان، کەڵک وەرگرتنە لە زمانی عەرەبی، منیش بەم هۆیەوە زمانی هاوبەشی وڵاتانی ئیسلامیم بە کار هێنا و زۆربەی وەزیرانی ئابوری و داراییش دەستخۆشییان لەوە کرد کە ئێران وتارەکەی خۆیی بە زمانی عەرەبی ئەنجام داوە.
حکومەتی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سیاسەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی جێبەجێ کردووە، ئەم هاوکارییە چ کاریگەرییەکی لە سەر کەرتی ئابوری ئێران دەبێت؟
ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەڕێز سەرۆک کۆمار بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتی دراوسێبوون و پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەییەکان دەبێت لە ڕیزی گرنگترین ئەولەویاتی سیاسەتی دەرەوەدا بێت و ئێمە دەبێت بەرەو کەڵک وەرگرتن لە دیپلۆماسیەتی ئابوری هەنگاو بنێین، ئەمەش لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی سێزدەیەمدا هەبووە و بەردەوامیشە، ئەم سیاسەتە نەک بۆ ئێمە، بەڵکوو بۆ ئابوری وڵاتانی ناوچەکە، وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی نزیک لە ئێمە سیاسەتێکی دوو سەر براوەیە، بە واتایەکی دیکە بەرژەوەندییەکانی ئێران و ناوچەکە لەم سیاسەتەدا مسۆگەر دەبێت.
من پێداگری لەوە دەکەم بە پێی ئەوەی کە هێزی کاریگەری وڵاتانی بێگانە کە ساڵانێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بوونیان هەبووە، لاواز بووە و ئەو هێزانە لاواز و لاوازتر بوون، ئەم دەرفەتی هاوکارییەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە زیاتر دابین کراوە کە ئێمە بتوانین لە پەیوەندیمان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێ کەڵکی ئابوری وەربگرین و ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی سیاسی وڵاتان هەیە کە وڵاتی ئێمە لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوو ئەمەی پیشان داوە، وەک چۆن کە ساڵانێک پاڵپشتیی لە خۆڕاگریی فەڵەستین کردووە و بە هێزەوە ئەوەی درێژەپێداوە.
ئایا پلانێکی تایبەتیان بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی وڵاتانی عەرەبی لە ناوخۆی ئێراندا هەیە؟
ئێمە لە بواری ڕاکێشانی سەرمایەگوزاری دەرەکی بۆ ناوخۆی ئێران، پێشنیاری تەواو ڕوونمان هەیە کە لە کۆبوونەوەم لە گەڵ وەزیری ئابوری و دارایی ئیمارات لە پەراوێزی کۆبوونەوەی جەدە گەڵاڵە کرا و هەر دوو لا لە سەر ئەوە ڕێکەوتووین کە لە ماوەیەکی کەمدا بتوانین پرۆژەکان دەستنیشان بکەین، هەروەها لە کۆبوونەوەم لە گەڵ وەزیری دارایی عۆمان و بە پێی سەردانەکەی داهاتووی سوڵتانی ئەو وڵاتە بۆ تاران، جەخت لە سەر جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە کرایەوە.
سەبارەت بە بوونی پەیوەندی ئابوری لە گەڵ سعوودیە هەر بەم سیاسەتەوە دەڕۆینە پێشەوە، ئێمە دەفرایەتی و توانا ئابورییەکانی خۆمان بۆ سەرمایەگوزاری هاوبەش لە کۆبوونەوەکەدا خستەڕوو و بە نووسراویش بۆ سعوودیەی دەنێرین و هیوادارین ئەم ئیرادەیە لەواندا هەبێت و بتوانین وەرزێکی نوێ لە پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە و وڵاتانی ناوچەکە دەست پێبکەین.
پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و سوریا چۆن دەبینن؟
سەرەڕای ئەوەی کە پێویستە بڵێین سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دیمەشق هەڵگری پەیامێکی سیاسی ڕوون بووە و لە ناوچەکە و جیهانیش بە گرنگییەوە باس کراوە، بەڵام من وەک وەزیری ئابوری و دارایی و ئەندامی شاندەکەی یاوەریان، دەمەوێت بڵێم کە بەشێکی زۆری دانوستانەکانی نێوان ئایەتوڵڵا ڕەئیسی و بەشار ئەسەد لە سەر پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و سوریا بووە. سوریا لە کۆتایی شەڕ نزیک بووەتەوە و پرسی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە لە ڕیزی گرنگترین پلانەکانی دیمەشقدا دەبێت. پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و سوریا هاوتای پەیوەندییە سیاسییەکان نییە و دەبێت کەموکوڕییەکان قەرەبوو بکرێتەوە./.