بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی جی 7 بە ئاماژە بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی واشنتن لە پێنەدانی فڕۆکە ئەمریکییەکان بە ئۆکراینا، بە هاوپەیمانەکانی ڕاگەیاند کە سەرقاڵی پەسەندکردنی پرۆژەیەکە بۆ مەشق و ڕاهێنان بە فڕۆکەوانەکانی ئۆکراینا لە پێناو بەکارهێنانی فڕۆکەی شەڕکەری جۆری F16.
لە کاتێکدا کە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا سەرقاڵی لۆبین بۆ پێدانی ئەو فڕۆکانە بە ئۆکراینا و داوایان لە حکومەتەکەی بایدن کردووە پەلە لە پێدانی فڕۆکە شەڕکەرەکان بەو وڵاتە بکات تا کۆنتڕۆڵی ئاسمانی ئۆکراینای پێبکرێت، چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بە کەناڵی CNN یان ڕاگەیاندووە کە کۆشکی سپی تەنیا لە حاڵەتێکدا ئەوە جێبەجێ دەکات کە هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمریکاش هەنگاوی هاوشێوە بنێن.
جیک سالیوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە هێشتا کاتی گونجاو بۆ ڕادەستکردنی فڕۆکەی شەڕکەری F16 بە ئۆکراینا نەگەیشتووە.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڕیار دەدەن کام وڵاتان و چ ژمارەیەک لەو فڕۆکانە ڕادەستی کیێڤ بکرێت.
بەراوردکردنی هێزی ئاسمانی ئۆکراینا و ڕووسیا
ئۆکراینا میراتداری بەشێکی بەرچاو بەڵام کۆنی فڕۆکە و کۆپتەرە سەربازییەکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤییەتی پێشووە، هێزی ئاسمانی ئۆکراینا خاوەنی فڕۆکە شەڕکەرەکانی میگ 29، سوخۆ 27، بۆمب هاوێژ، فڕۆکەی بارهەڵگر و فێرکارییە.
شرۆڤەکارانی سەربازیی وڵاتانی ڕۆژئاوا مەزندەی ئەوەیان کردووە کە یەک لە سەر سێی هێزی ئاسمانی ئۆکراینا لە لایەن ڕووسیاوە لە ناو برابێت و لانیکەم 60 فڕۆکە لە 145 فڕۆکەی خۆی و هەروەها 32 کۆپتەر لە 139 کۆپتەرەکەی خۆیی لە دەست دابێت.
دابینکردنی پارچەی یەدەکی فڕۆکەکانی ئۆکراینا کە لانیکەم 32 ساڵ تەمەنیان هەیە بووەتە کێشەیەک لە بەردەم حکومەتەکەی زیلینسکی، لە بەر ئەوەی کە بەشێکی زۆر لەوان تەنیا لە لایەن ڕووسیاوە بەرهەم دێت و تەنانەت پێش شەڕی ئێستاش دابینکردنی ئەو پارچانە پاش ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2014 ی ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا و داگیرکردنی کرێمە تا ڕادەیەک ڕاگیرابوو.
بە گشتی، هێزی ئاسمانی ئۆکراینا بەراورد بە هێزی ئاسمانی ڕووسیا لە ڕووی ژمارەی فڕۆکە و تەکنۆلۆژیاوە دواکەوتووە.
ئامانجی ئۆکراینا لە وەرگرتنی فڕۆکەی F16
ئۆکراینا نایەوێت لەو فڕۆکانە تەنیا وەک ئامرازێکی بەرگری کەڵک وەربگرێت، بەڵکوو هەوڵ دەدات بە هۆی ڕادارە پێشکەوتووەکانیەوە ئامانجەکان لە سەدان کیلۆمەترەوە دیاری بکات تا فڕۆکەوانەکان بە ئاسوودەیی و لە سەر هەرێمی ئاسمانیی ئۆکراینا چەک و تەقەمەنی خۆیان ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکان لە لایەن ڕووسیاوە بکەن.
ئەو فڕۆکانە بەدەر لە بەکارهێنانیان لە شەڕی ئاسمانی – تێکشکاندنی مووشەک و درۆنەکانی ڕووسیا – دەتوانن پاڵپشتی لە پێشڕەوییەکانی هێزەکانی ئۆکراینا لە بەرامبەر هەر هێرشێکی لایەنی بەرامبەر بکەن و لە لایەکی دیکەوە، ئەو فڕۆکانەی ڕووسیا کە بۆمبە زیرەکەکان لە مەودای 45 کیلۆمەترییەوە دەهاوێژن، ناچار بە هەڵهاتن بکەن.
بەرگری لە ڕێگای دەریایی هەناردەی دانەوێڵە و هەروەها زاڵبوونی ئاسمانی لەو ناوچانەی کە لە لایەن ڕووسیاوە داگیر کراون، لە ئامانجەکانی دیکەی کیێڤە بۆ دەستخستنی فڕۆکە شەڕکەرە ئەمریکییەکان.
بەڵام هیچ یەک لەم ئامانجانە بەم هێزەی ئێستای ئۆکرایناوە کە ژمارە و هێزی شەڕکردنی تەنیا یەک لە سەر پێنجی هێزی ڕووسیاوە، دەست ناکەوێت.
هاوپەیمانی F16
هێزی ئاسمانی ئەمریکا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ئەو فڕۆکەوانانەی کە لە ڕابردوودا مەشق و ڕاهێنانی پێویستیان بۆ بەکارهێنانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت بینیوە، دەتوانن لە ماوەی چوار مانگدا خولی ڕاهێنانی فڕۆکەی F16 تەواو بکەن.
هێشتا دیار نییە کە ئایا ئەمریکا موڵەتی ئەوە بە وڵاتانی دیکە دەدات تا فرۆکەی F16 ڕادەستی ئۆکراینا بکەن یان خۆیشی ژمارەیەک لەو فڕۆکانە دەداتە حکومەتەکەی زیلینسکی. پێش گۆڕانکاری لەم سیاسەتەی ئەمریکا، میدیاکانی ئەو وڵاتە ڕایانگەیاندبوو کە چوار ئەندامی ناتۆ – دانیمارک، بەلجیکا، هۆڵەندا و نەرویج – ئامادەن تا لانیکەم 125 فڕۆکەی F16 ڕادەستی ئۆکراینا بکەن.
شارەزایانی ئەمریکی لەو بڕوایەدان کە F16 فڕۆکەیەکی کەم کێشەیە و دابینکردنی پارچەکانی تا ڕادەیەک ئاسانترە. نۆژەنکردنەوەی ئەو فڕۆکانەش لە بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمان و نزیک لە ئۆکراینا وەک پۆڵەندا یان ئەڵمانیا دەکرێت.
بەم دواییانەش ڕاگەێندرا کە بەریتانیا و هۆڵەندا هەوڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی دەدەن تا نەک تەنیا بۆ ئۆکراینا فڕۆکەی F16 دابین بکەن، بەڵکوو چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن لەو فڕۆکانە بە فڕۆکەوانەکانی ئۆکراینا فێر بکەن.
ئەگەرچی هێشتا کاتی دەستپێکردنی خولەکانی ڕاهێنان بە فڕۆکە شەڕکەرەکانی F16 دیار نییە بەڵام چەند سەرچاوەیەک ڕایانگەیاندووە کە بنکەی سەربازی ڕامشتاین ی ئەمریکا لە ئەڵمانیا شوێنی بەڕێوەچوونی ئەو خولانە دەبێت.
کێشەکانی بەردەم
ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا پاساوی ئەوەیان هێناوەتەوە کە فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتوو، بە ئامانجگرتنی فڕۆکەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکراینا ئاسانتر دەکات و چیدی پێویست بە پێدانی چەک و کەرەستەی سەربازیی گران وەک سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بۆ لێدانی مووشەکە بالستییەکان ناکات.
سەرەڕای ئەمەش، ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی ئەمریکا بە گومانەوە لەمە دەڕوانن و لەو بڕوایەدان کە سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا دەتوانن بە ئاسمانی فڕۆکەکانی F16 بکەنە ئامانج و بەم هۆیەوە فڕۆکەکانی ئۆکراینا لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا توانای هیچیان لە بەرامبەر ئەو وڵاتەدا نەبووە.
لە لایەکی دیکەوە ناردنی 5 یان 6 فڕۆکە بە تەنیایی دەتوانێت لە بەرامبەر فڕۆکە شەڕکەرە بەهێزەکانی وەک سوخۆی 35 زیانی بەرکەوێت و سوودی نەبێت.
بەرپرسانی ئۆکراینا بەردەوام ڕایانگەیاندووە کە وڵاتەکەیان بۆ پاراستنی سنورەکانی لە بەرامبەر ڕووسیا پێویستی بە سوپایەکی ئامادە و مەشقپێکراو بە پێی پێوەرەکانی ناتۆ و هەروەها فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتوو هەیە. بڕیاری پێدانی فڕۆکەی F16 بە ئۆکراینا پیشان دەدات کە حکومەتی کیێڤ تەنانەت لە ئەگەری کۆتایی هێنان بە شەڕ و ئاگربەستی هاوشێوەی کرێمە، پێویستی بە هێزی بەرگری لە بەرامبەر مۆسکۆ هەیە./.