بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کرماشان مێژوویەکی دەوڵەمەند و شوێنی زۆر جوانی گەشتیاریی هەیە و ئەمەش وایکردووە کە گەشتیارێکی زۆر لە ناوخۆی ئێران و تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش سەردانی ئەم پارێزگایە بکەن.
لە نزیک 20 کیلۆمەتریی باکوری ڕۆژئاوای شاری کرماشان دەریاچەیەکی بچووک هەڵکەوتووە کە پێی دەڵێن سەراوی نیلوفەڕ. تا ناوەڕاستەکانی هەشتاکانی کۆچی هەتاوی ئەم سەراوە گوڵێکی جوانی بە ناوی نیلوفەڕ هەبووە کە بە گشتی لە وەرزی گەرمی ساڵدا سەریان لە نێو ئاوەکە دەردەهێنا و ڕوبەرێکی زۆری دەریاچەکەیان دادەپۆشی.
چەندین کانیاوی گەورە کە لە تەنیشتیان حەوزێکی گەورە دەبینرێت لە کرماشان وەک سەراو دەناسرێن. لە کرماشان سەراوی زۆر بوونی هەیە کە یەکێک لە جوانترینی ئەوانەش لە نزیکەی 20 کیلۆمەتریی شاری کرماشان بە ناوی سەراوی نیلوفەڕ دەناسرێت.
تا چەند ساڵی ڕابردوو ئەم سەراوە جوانە بە گوڵی نیلوفەڕ داپۆشرابوو بەڵام وشکەساڵییەکانی ساڵانی ڕابردوو و هەڵکەندنی بیرە قووڵەکان لە ناوچەکانی نزیک دەریاچەکە، وایکرد کە ئاستی ئاوەکەی دابەزێت و بەرە بەرە جوانییەکانی نەمێنێت. ساڵی ڕابردوو کە ڕێژەی باران بارین لە ناوچەکە بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو باش بووە، سەراوی نیلوفەڕ گەشەی سەندەوە و دیسانەوە گەشتیارانی بەرەو خۆی ڕاکێشایەوە بەڵام هێشتا لە گوڵە نیلوفەڕەکان هەواڵێک نییە.
نیلوفەڕ لای ئێرانییەکان بە گوڵێکی جوان و پیرۆز دادەنرێت، ئەوان بە هێمای ئاشتی و پاکی ناوی دەبەن کە سەردەمێک لە کاتی بینین و چاوپێکەوتنی شا و گەورە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە وەک دیارییەک بەوان دەدرا. پاک و خاوێنی و ڕونبوونی ئاوەکەی سەراو نیلوفەڕ یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانیە.
دەریاچەکە لە کاتی پڕ ئاوبووندا شوێنی ژیانی جۆرەکانی ماسی و هەروەها باڵەندەکانە. باڵەندە کۆچەرەکان لە وەرزی زستان لە تەنیشت دەریاچەکە دەبینرێن.
ئەمەش وایکردووە کە هەندێک توێژەری کاروباری سرووشتی ئەم دەریاچەیە بۆ توێژینەوەکانی خۆیان بەکار بێنن.
لە تەنیشت سەراوی نیلوفەڕ شوێنی حەوانەوەی خێزانی و کەپرە گەشتیارییەکان دابین کراوە. پێداویستی گەشتیاری لەم شوێنە بۆ مانەوەی گەشتیاران و کەڵک وەرگرتنی ئەوان دابین کراوە. بە گشتی ڕۆژانی هەینی خەڵکێکی زۆری ناوچەکە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن.
وەک چۆن کە ئاماژە درا، لە شاری کرماشانەوە تا سەراوی نیلوفەڕ تەنیا 20 کیلۆمەترە و پێداویستی پاسکیل سواریش بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بە پاسکیل بگەنە شوێنەکە، وەک دەرفەتێک بۆ وەرزشکردن، دابین کراوە./.