بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڕەپانی نەخشی جیهانی ئەسفەهان لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە لە سەر ئاستی جیهان تۆمار کراوە و بەم هۆیەوە شکۆ و ناوبانگێکی جیهانیی هەیە، هەروەها گۆڕەپانەکە بە گەنجینەی شاری ئەسفەهان دادەنرێت کە ساڵانە پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی دەکات.
ناساندنی گۆڕەپانی نەخشی جیهان
ئەم گۆڕەپانە لە باکوری شاری ئەسفەهاندایە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی دەکەن. تا پێش ساڵی 1978 و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پێی دەوترا گۆڕەپانی شا و پاش سەرکەوتنی شۆڕش بە فەرمی بە ناوی گۆڕەپانی ئیمام ناسراوە. نەخشی جیهان بە درێژایی مێژوو بە ناوەکانی گۆڕەپانی سەرەکی، گۆڕەپانی گەورە، گۆڕەپانی کۆشک، گۆڕەپانی پاشایەتی و گۆڕەپانی نوێ ناوبانگی هەبووە.
ئەم گۆڕەپانە لە بەرواری 8 ی ڕێبەندانی 1313 ی کۆچی هەتاوی (1934) بە فەرمی لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە و لە ساڵی 1358 ی کۆچی هەتاوی (1979) لە ڕیزی میراتی جیهانی لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە تۆمار کراوە.
پێش سەردەمی سەفەوییە، لەم گۆڕەپانەدا باخێکی جوان بە ناوی نەخشی جیهان هەبووە. نەخشی جیهان ناوی شارێکی کۆماری ئازەربایجان بووە کە ئەمڕۆ ناوەکەی بۆ نەخجەوان گۆڕدراوە.
مێژووی گۆڕەپانی نەخشی جیهان
وەک چۆن کە ئاماژە درا، لەم ناوچەیەدا باخێکی گەورە هەبووە. بەشی ناوەڕاستی گۆڕەپانەکە بە ناوی کۆشک ناسراو بووە. لەم ناوچەیەدا چەندین بینا و بنکەی سەربازیی سەر بە دەسەڵاتەکانی وەک تەیمورییەکان هەبووە. لە سەردەمی سەلجوقییەکان ئاهەنگ و بۆنەی زۆر گرنگ لەم گۆڕەپانەدا بەڕێوە دەچوو.
گۆڕەپانی نەخشی جیهان پاش ئەوەی کە ئەسفەهان لە سەردەمی سەفەوی بووە پایتەختی ئێران، گەشەی بەرچاوی هەبووە. بناغەی سەرەتایی گۆڕەپانەکە لە ساڵی 1011 ی کۆچی مانگی دانراوە و بە تێپەڕبوونی کات و تا ساڵی 1025 سەرجەم پرۆژەکانی گۆڕەپانەکە کۆتایی هات.
هاوکات لە گەڵ دەسەڵاتی دوایین شای سەفەوی، گۆڕەپانی نەخشی جیهان شکۆ و گەورەیی خۆیی لە دەستدا و گەشەی گۆڕەپانەکە لە ناو برا. لەناوچوونی نەخشی جیهان بە هێرشەکەی ئەشرەفی ئەفغان خێراتر بوو، ئەم ڕووخان و لەناوچوونە بە هۆی کەمتەرخەمی شای قاجاڕیش زیاتر بوو. زۆربەی بینا کۆن و مێژووییەکانی وەک بینای نەقارخانە لەو ماوەیەدا لە ناوچوو. لە سەردەمی دەسەڵاتی پاڵەوی ئەم گۆڕەپانە نۆژەن کرایەوە و لە ئەنجامی ئەمەش گەشەی ئابوری جارێکی دیکە بۆ ئەسفەهان گەڕایەوە.
شوێنە گرنگەکانی گۆڕەپانی نەخشی جیهان
گۆڕەپانی نەخشی جیهان ڕوبەرێکی زۆری هەیە و گەشتیاران دەتوانن کاتێکی زۆری تێدا بەسەر بەرن. هەر بەشێکی ئەم گۆڕەپانە بینایەکی مێژووییە و ئاسەوارە مێژووییەکانی هێشتا جوانی تایبەت بە خۆیان هەیە. ژوورەکانی چواردەوری ئەم گۆڕەپانە بوونەتە ناوەندێکی بازرگانیی گرنگ لە ئەسفەهان و زیاتر دیارییەکانی شارەکە لە خۆ دەگرن.
لە نهۆمی سەرەوەی گۆڕەپانی نەخشی جیهان، مۆزەخانەی گەورەی ئیسلامی هەیە و لە ڕووی کەلتوری و هونەرییەوە گرنگییەکی زۆری هەیە. ئەم مۆزەخانەیە بووەتە گەورەترین ناوەندی ناساندنی کەلتوری ئیسلامی و ئێرانی.
بینا مێژووییەکانی گۆڕەپانی نەخشی جیهان
لە گرنگترین بینا مێژووییەکانی چواردەوری گۆڕەپانی نەخشی جیهان دەتوانین ئاماژە بە چەند بینایەک بدەین. وەک: مزگەوتی گشتی عەباسی یان مزگەوتی شا. مزگەوتی گشتی ئەسفەهان. مزگەوتی شێخ لوتفوڵڵا. بینای عالی قاپو. دەروازەی قەیسەریە و بازاڕی قەیسەریە./.