بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ساڵی 2014 تا چەند ڕۆژی ڕابردوو کە کەرەستە و پێداویستییەکانی پاڵاوگەی بیجی کە لە لایەن برای ئەو کەسەی کە ئەم کەرەستانەی کڕیبوو، بۆ حکومەتی عێراق گەڕێندرایەوە، کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و میدیاکانی سەر بە ئەمریکا بە پڕوپاگەندەی تایبەت بۆ بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی عێراق، کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕێکخراوی حەشدی شەعبییان تۆمەتبار دەکرد و بەردەوام لە هەوڵەکانی خۆیان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کەرەستەکان بۆ ئێران گواستراوەتەوە.
بەڵام بە تێپەڕبوونی 9 ساڵ، ڕاستییەکان بۆ گەلی عێراق ڕوون و ئاشکرا کرا کە کەرەستە و پێداویستییە تاڵانکراوەکانی پاڵاوگەی بیجی بە هاوکاری ئەمریکا بۆ هەولێر گواستراوەتەوە و سەرجەم تۆمەت و پڕوپاگەندەی میدیا بەکرێگیراوەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران و حەشدی شەعبی، بێ بنەما بووە.
هەیبەت حەلبوسی سەرۆکی لێژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق بێ ئەوەی کە ناوی ئەو کەسە ئاشکرا بکات کە سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەش ستایشی ڕۆڵی ئەوی کە گەڕاندنەوەی کەرەستە دزراوەکاندا کردبوو، وردەکاری پرۆسەی گەڕاندنەوەی کەرەستە دزراوەکانی پاڵاوگەی بیجیی ئاشکرا کرد.
ناوبراو لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی عێراقیدا ڕایگەیاند: چوار مانگ بەر لە ئێستا یەکێک لە دۆستان تەلەفوونی کرد و وتی کە کەسێک دەیەوێت لە گەڵ من کۆببێتەوە و سەبارەت بە کەرەستە دزراوەکانی پاڵاوگەی بیجی قسە بکات. ئەو بازرگانێکی گەورەی کوردە بەڵام مەرجی ئەوە بوو کە ناوەکەی ئاشکرا نەکرێت و دەیەوێت سەبارەت بەو کەرەستانە کە برا مردووەکەی پێشتر کڕیویەتی، قسە بکات.
حەلبوسی وتی: ئەو کەسە هاتە لای من و وردەکاری تەواوی کڕیی کەرەستە و پێداویستییەکانی کە لە ساڵانی 2016 تا 2019 لە لایەن براکەیەوە ئەنجام درابوو، لە گەڵ وێنە و وردەکاری تەواو، بەڵگە و کاتی کڕین ڕادەستی من کرد.
ناوبراو وتی: ئەو کەسە بەدەر لە زانیارییەکان، هەندێک بەڵگەی وێنە و ڤیدیۆی تایبەت بە پرۆسەی گواستنەوەی کەرەستە و چەندین بەشی پاڵاوگەکە و چۆنیەتی گەیاندنی بە هەولێر ڕادەستی من کرد و ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ماوەی حەوت ساڵدا چۆن پارێزراون.
سەرۆکی لێژنەی کاروباری وزە لە پەرلەمانی عێراق وتی: بە پێی بەرپرسیاریەتیم، یەکەم کارم ئەوە بوو کە تەلەفوونم بۆ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران کرد.
ناوبراو وتی: سودانی داوای کۆبوونەوەی لە گەڵ من کرد، من سەرجەم وردەکارییەکانم بۆ ئەو باس کرد. سەرۆک وەزیرانیش وتی کە دەمەوێت ئەو کەسە ببینم، کۆبوونەوەکە ئەنجام درا و پاش وتووێژێکی زۆر، سەرۆک وەزیران دەستخۆشیی لەو کەسە و کارەکەی کرد.
حەلبوسی وتی: ئەو کەسە بە پێی وەسیەتی براکەی، ویستی گەڕاندنەوەی کەرەستەکانی بۆ حکومەتی عێراق هەبووە نەک فرۆشتنی بە حکومەت.
چاوپێکەوتنی ئەو کەسە و ئایەتوڵڵا سیستانی
سەرۆکی لێژنەی کاروباری وزە لە پەرلەمانی عێراق هەروەها وتی: ئەو کەسەی کە کەرەستەکانی گەڕاندەوە، بە سودانیی ڕاگەیاند کە پێش ئەوەی وەسیەتی براکەم بدۆزینەوە، پێشنیاری فرۆشتنم بە یەکێک لە وڵاتان هەبوو بەڵام ئەوەم ڕەتکردەوە لە بەر ئەوەی کە کەرەستەکان وەک ئەمانەتێک بوو، هەر بۆیە ساڵی 2019 سەردانی نەجەفم کرد و سەبارەت بەم پرسە لە گەڵ ئایەتوڵڵا سیستانی قسەم کرد. بەڕێزیان وتیان کە موڵەتی فرۆشتنم نییە لە بەر ئەوەی کە مافی حکومەتە و دەبێت هەوڵی گەڕاندنەوەی بدەم. ئەم پرسیارەم لە نووسینگەی موقتەدا سەدریش کرد و وەڵامی هاوشێوەم وەرگرت.
سەرۆکی لێژنەی کاروباری وزە لە پەرلەمانی عێراق وتی: دەستخۆشی لەم برا دەکەین، لە بەر ئەوەی کە کەسێکی بازرگانە بەڵام ئەوەشی قبووڵ نەکرد کە حکومەتی عێراق قەرەبووی زیانەکانی ئەو بکاتەوە و تەنانەت تێچووی گواستنەوەکەشی گرتە ئەستۆ. پێش وتارەکەی سەرۆک وەزیران سەبارەت بە دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی کەرەستەکان، تەلەفوونم بۆ ئەو کرد کە ناوی بهێندرێت بەڵام ڕێگەی بەوە نەدا.
دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی کەرەستە و پێداویستییە تاڵانکراوەکانی پاڵاوگەی بیجی لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بووەتە بابەتێکی گرنگی میدیا عێراقییەکان و ڕا و بۆچوونی شارەزایانیان لەو بوارەدا وەرگرت.
ئەندامێکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا: 9 ساڵ لە دژی ئێران پڕوپاگەندەیان کرد
سەعد موتەلبی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە چەندە لە دژی ئێران و گرووپەکانی خۆڕاگری، درۆ و پڕوپاگەندەیان کرد کە پاڵاوگەی بیجی لە لایەن ئەوانەوە دزراوە بەڵام دوا جار ئاشکرا بوو کە کەرەستە دزراوەکان لە هەرێمی کوردستان بووە.
ناوبراو وتی: 9 ساڵە پڕوپاگەندە و بانگەشە لە دژی ئێران و گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی دەکرێت کە هەموو شتێک لە لایەن ئەوانەوە دزراوە، بەڵام دوا جار ئەوەمان بینی کە کەرەستەکان لە شوێنێک دۆزراوەتەوە کە دۆست و هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە و لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.
سەرۆکی لێژنەی وزە: لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پارەیان دەکرد
سەرۆکی لێژنەی کاروباری وزە لە پەرلەمانی عێراقیش لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە هەمووان دەیانزانی کە کەرەستە دزراوەکان لە هەولێرە و پێشتر چەند کۆمیتەیەک لە حکومەتی حەیدەر عەبادی سەردانی چەند کۆگایەکیان کردبوو کە کەرەستەکانی تێدا بووە.
هەیبەت حەلبوسی وتی: کۆمپانیای نەوتی باکور و حەیدەر عەبادی دەیانزانی کە کەرەستەکان لە هەولێرن. ئەگەر قسەکانی من درۆیە با عەبادی لە میدیاکانەوە ئامادە بێت و بڵێت کە درۆیە تا ئەو بەڵگانەی کە ناوبراو بۆ کۆمیتە پەیوەندیدارەکان واژۆی کردووە، بۆی بخەمەڕوو.
سەرۆکی لێژنەی کاروباری وزەی پەرلەمانی عێراق وتی: لە هەولێر و لە ئاستی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ڕادەستکردن و گەڕاندنەوەی کەرەستەکان بۆ حکومەتی عێراق، داوای پارەیان دەکرد.
پاڵاوگەی بیجی
پاڵاوگەی بیجی گەورەترین پاڵاوگەی عێراق و لە گرنگترین ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەم وڵاتەیە کە لە نزیک شاری بیجی لە پارێزگای سەڵاحەدین و لە 210 کیلۆمەتری باکوری بەغدایە.
پاڵاوگەی بیجی نزیکەی یەک لە سەر سێی سووتەمەنی پێویستی عێراق دابین دەکات.
تیرۆریستانی داعش ساڵی 2014 و کاتێک چەندین بەشی پارێزگای سەڵاحەدینیان داگیر کرد، بە هێرشی سەر ئەم پاڵاوگەیە، بەشێکی زۆری کەرەستە و پێداویستییەکانیان تاڵان کرد.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2018 لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە پاڵاوگەی بیجی بە توانای وەبەرهێنانی ڕۆژانە 70 هەزار بەرمیل نەوتی سپی، بەنزین و گازوایل چالاک بکاتەوە./.