بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە درێژایی ساڵانی دوور، کەنیسەی وانک ی ئەسفەهان بەردەوام کار لە سەر تەواوبوونی کراوە و زیادکردنی بەشە جیاجیاکان لە حەوشەو بینای سەرەکی کەنیسە، گرنگییەکەیی زیاتر کردووە.
ئەمڕۆ کەنیسەی وانک پێگەیەکی بەهێزی لای ئەرمەنەکانی ئەسفەهان هەیە و لە سەر ئاستی جیهانیش دەناسرێت.
سەبارەت بە کەنیسەی وانک
کەنیسەی وانک لە گەورەترین شوێنە گەشتیاری، مێژوویی و ئائینییەکانی گەڕەکی جوڵفا و شاری ئەسفەهانە. ئەم کەنیسەیە لە لایەن ئەرمەنە کۆچەرەکانەوە لە سەردەمی شا عەباسی سەفەوی درووست کراوە، ئەڵبەت شێوازی سەرەتای درووستکردنی لە گەڵ ئێستا جیاوازی زۆری هەبووە. سەرەتا ئەم کەنیسەیە تەنیا بۆ کاروباری ئائینی مەسیحییەکان بووە بەڵام ئەمڕۆ گرنگییەکەی زیاتر بۆ بواری مێژوویی و گەشتیارییەکەی دەگەڕێتەوە.
کەنیسەی وانک گەورەترین و بەناوبانگترین کەنیسەی ئێرانە و وەک کەنیسەی گشتی ئەرمەنەکانی ئەسفەهان ماوەتەوە. ئەم کەنیسەیە بە ناوی ” ئامناپرکیچ ” لە جیهاندا دەناسرێت و یەکێک لەو 13 کەنیسە بەجێماوەی گەڕەکی جوڵفای ئەسفەهانە لە سەدەی 17 ی زائینی. وانک لە زمانی ئەرمەنەکاندا بە واتای پەرستگەیە. کەنیسەی وانک بە درێژایی مێژوو سەرەڕای ئەوەی کە شوێنێکی ئائینی بۆ ئەرمەنەکانی ئەسفەهان و بە تایبەت دانیشتووانی ئەرمەنی گەڕەکی جوڵفا بووە، بووەتە شوێنی کاروباری ئیداری و ناوەندی ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان. لە ساڵانی دواتردا یەکەم پەخشانگا بە کەرەستەی چاپ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حەوشەی ئەم کەنیسەیەدا دامەزرا.
ئەم کەنیسەیە لە 15 ی ڕێبەندانی ساڵی 1310 ی کۆچی هەتاوی (1931) لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی وڵاتی ئێران بە فەرمی تۆمار کراوە.
مێژووی کەنیسەی وانک
گەڕەکی جوڵفای شاری ئەسفەهان کە کەنیسەی وانک ی تێدایە، لە کۆنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەرمەنە کۆچەرەکان لە ئێران بووە. لە سەردەمی سەفەویە، شا عەباسی یەکەم لە شەڕی دژ بە عوسمانییەکان فەرمانی پاشەکشەی ئێرانییەکانی دەرکرد. لە کاتی گەڕانەوە، سوپای ئێران بە ئەرمینیادا تێپەڕ بوو. بە فەرمانی شا عەباس بەشێکی زۆری ڕێگاکە بۆ ڕێگری لە پێشڕەویی عوسمانییەکان دەڕووخا و لەم نێوەندەدا دانیشتووانی ئەرمینیا مەترسی کۆمەڵکوژییان لە سەر بوو. بەم هۆیەوە شا عەباس بڕیاریدا کە ئەرمەنەکان لە گەڵ خۆی بهێنێتە ئێران و ئەوان نیشتەجێ بکات. لە کۆتایی ئەم کۆچە درێژخایەنە، شا عەباس و سوپاکەی و خەڵکی ئەرمینیا گەیشتنە ئەسفەهان و شا عەباس لە گەڕەکی جوڵفا زەویی بەوان بەخشی.
شێوازی کۆنی گەڕەکی جوڵفا لە گەڵ شێوازی ئەمڕۆی جیاوازییەکی زۆری هەبووە. ئەرمەنەکان بە درێژایی مێژوو پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و شوێنە ئائینییەکانیان لەم گەڕەکەدا خستە بواری جێبەجێکردنەوە. بە هەوڵی ئەرمەنەکانی نیشتەجێی ئەسفەهان لە گەڕەکی جوڵفا تا کۆتایی سەدەی 17 ی زائینی 24 کەنیسە دامەزرا، لە کاتێکدا کە ژمارەی کەنیسەکانی گەڕەکەکانی دیکەی ئەسفەهان تەنیا 6 کەنیسە بووە، بەڵام بە داخەوە کە ئێستا تەنیا 13 کەنیسەی ئەو سەردەمە ماوەتەوە.
مێژووی کەنیسەی وانک بۆ ساڵی 1606 ی زائینی دەگەڕێتەوە. لەو کاتەدا تەنیا بینایەکی بچووک لە بەشی باشوری ڕۆژئاوای بینای ئەمڕۆ درووست کرابوو کە بە ناوی کەنیسەی هاکوب یان یەعقوب دەناسرا. ئەم کەنیسە بچووکە بۆ ماوەی 50 ساڵ لە لایەن پیاوە ئائینییەکانی مەسیحی بەکار هێنرا و ژمارەیەکی زۆر لە قەشەکان خولەکانی ڕاهێنانیان بۆ دەکرا. کەنیسەی هاکوب دواتر بووە بەردی بناغەی کەنیسەی وانک تان ئامنا پرکیچ. لە دەروازەی کەنیسەکە نووسراوێک هەیە کە مێژووەکەی پیشان دەدات و لێی نووسراوە: وانک ئامنا پرکیچ و ناوەندی کەسی یەکەمی ئەرمەنەکان ساڵی 1606 ی زائینی.
پاش تێپەڕبوونی 50 ساڵ، لە ساڵی 1655 ی زائینی، دانیشتووانی جوڵفا لە سەردەمی حکومەتی شا عەباسی دووەم، پرۆژەی درووستکردنی بینای سەرەکی کەنیسەکەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە کە دەکرێت بڵێین هەر ئەم بینای ئەمڕۆ بووە. درووستکردنی کەنیسەی نوێی وانک لە ساڵی 1655 تا 1664 واتە لە ماوەی 10 ساڵدا بووە. لە ساڵی 1905 ی زائینی پەرەپێدانی کەنیسەکە لە لایەن ئەرمەنەکانەوە دەستیپێکرد و چەندین بینا لە حەوشەکەیدا درووست کران.
مۆزەخانەی کەنیسەی وانک لە ساڵی 1905 کرایە و تا ساڵی 1930 مۆزەخانە و کتێبخانە بووە. بە تێپەڕبوونی ساڵەکان، بەشە جیاجیاکانی کەنیسەی وانک تەواو کران و چەندین بەشی نوێ وەک شوێنی کاروباری ئائینی، تاوەری دەروازەی کەنیسە و بینای ئیداری زیاد کران. ئەمڕۆ گەشتیارانی شاری ئەسفەهان سەردانی گەڕەکی کۆن و مێژوویی جوڵفا دەکەن و کەنیسەی وانک وەک یەکێک لە بەناوبانگترین بینا مێژووییەکان بەسەردەکەنەوە.
کەنیسەی وانک لە ڕوبەرێکی 8700 مەتری چوارگۆشەییدایە کە نزیکەی 4 هەزار مەتری چوارگۆشەی کراوەتە بینا و ئەوی دیکەی باخ و سەوزاییە.
لە گرنگترین بەشەکانی کەنیسەی وانک کە سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت، ئەو پەیکەرانەن کە لە حەوشەی کەنیسەکەدان و زیاتر کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەرمەنەکانن. پەیکەرەکان لە دەستکردی هونەرمەندی ناسراوی ئەرمەنەکانن بە ناوی زاون ئایۆازیان کە پێش کۆچکردنی بۆ ئیتالیا لە ئێران درووست کراون./.