بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاری ڕەفسەنجان یەکێکە لە جوانترین ناوچە بیابانییەکانی ئێران کە ژمارەیەکی زۆر بینای کۆن و مێژوویی تێدایە. یەکێک لە گرنگترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئەم پارێزگایە لە گوندێکدایە بە ناوی کەبوتەرخان لە 35 کیلۆمەتری شاری ڕەفسەنجان.
ئەم بینا کۆن و مێژووییە کاروانسەرای کەبوتەرخانە کە یادگاری سەردەمی سەفەوییەکانە.
پێکهاتە و شوێنی بیناسازیی ئەم کاروانسەرایە وەک کاروانسەراکانی دیکەی سەردەمی سەفەوییەکانە، جیاوازییەکەی ئەوەیە کە لە چوار دەوری ئەم کاروانسەرایە چوار تاوەر درووست کراوە، بەڵام بەردەنووسێک هەیە کە لە دەروازەی ئەم بینایەدایە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی زەندییە دەگەڕێنێتەوە و بەم هۆیەوە هەندێک ناکۆکی لە سەر کاتی درووستکردنی هەیە.
عەلی عەبدوڵڵاهی نیا نووسەری کتێبی مێژووی ڕەفسەنجان سەبارەت بە کاروانسەرای کەبوتەرخان دەنووسێت کە شا عەباسی سەفەوی کاتی خۆی بە شارەکەدا تێپەڕ بووە و لە بەر نەبوونی خزمەتگوزاری لەوێدا نەماوەتەوە، هەر بۆیە دەسەڵاتداری ئەو کاتەی کرمان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی شا ڕووی هێناوەتە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و فەرمانی درووستکردنی چەندین کاروانسەرای دەرکردووە کە یەکێک لەوان کاروانسەرای کەبوتەرخان بووە.
کاروانسەرای کەبوتەرخانی ڕەفسەنجان ڕوبەری 2000 مەتری چوارگۆشەیە کە 400 مەتری حەوشەیە و ئەوی دیکەی کراوەتە بینای سەرپۆشراو.
ئەو خشتانەی کە لەم بینایەدا بەکار هاتوون، بووەتە جیاوازییەکی گەورەی لە گەڵ بیناکانی دیکە. کاروانسەراکە لە ساڵی 2002 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا بە فەرمی ناوی تۆمار کراوە.
کاروانسەرای کەبوتەرخان لە گوندێک بەم ناوە و لە 35 کیلۆمەتری ڕێگای ڕەفسەنجان – کرمان دایە و بەسەرکردنەوەی هەموو ڕۆژێک بەدەر لە ڕۆژانی پشوو دەکرێت./.