بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەمال كوڕی عەبدولقادر كوڕی عەزمی بەگ كوڕی مستەفا بەگ كوڕی سلێمان پاشا كوڕی ئەوڕەحمان پاشای بابان، ناوی تەواوی ئەم كەسایەتییە گەورەیەیە و بە جەمال بابان ناسراوە.
ساڵی 1927 لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، لە ئامێزی خێزانێكی ناودار و رووناكبیردا پەروەردە بووە، قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.
بۆ خوێندنی زانكۆ رووی كردۆتە شاری بەغدا و ساڵی 1946 لە كۆلیجی ماف وەرگیراوە و ساڵی 1950 بە سەركەوتوویی تەواویكردووە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە مافدا وەرگرتووە.
جەمال بابان، هەر لە سەرەتای ژیانی گەنجییەوە بایەخی بە ئەدەب بەگشتی و چیرۆك بە تایبەتی داوە، دواتر بایەخی بە نووسینی بابەتی مێژوویی داوە و چەندین كتێبی ناوازەی ئەدەبی و مێژوویی پێشكەش بە كتێبخانەی كوردی كردووە.
ساڵی 1957 یەكەم بەرهەمی ئەدەبی بەناوی ( خانزاد) بڵاوكردۆتەوە كە چیرۆك بووە،
دواتر چەندین بەرهەمی دیكەی ئەدەبی بڵاوكردۆتەوە لەوانە: (پەڵە هەورێكی چڵكن، سەی كەڵەك، مامە یارە، خەڕەكە شكاوەكە، ترش و شیرینی خاڵە رەجەب، قسەی نەستەقی پێشینان) و چەندانی تر.
مامۆستا جەمال بابان بایەخی بە بواری مێژووش داوە و خاوەنی چەندین كتێبی ناوازەی مێژووییە، لەوانە: (سلێمانی شارە گەشاوەكەم- چوار بەرگ، یاداشتنامەی ژیانم، گەشتێ بە ناخی تەمەندا، بابان لە مێژوودا و گەورە پیاوانی بابان، هەندێك داوەریی بەناوبانگ. )
مامۆستا جەمال بە زمانی عەرەبیش بابەتی مێژوویی نووسیوە و خاوەنی چەند كتێبێكی بەنرخە، لەوانە: (اعلام الكرد- دوو بەرگ، اصول اسماء المدن والمواقع العراقیە- سێ بەرگ، بابان فی التاریخ و مشاهیر البابانیین، واقع كركوك. )
لە بواری كارگێڕیشدا خزمەتی كردووە چەندین پۆستی جیا جیای وەرگرتووە لەوانە: (بەڕێوەبەری ناحیە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی، سەرۆكی شارەوانی، ئەمینداری گشتیی كۆڕی زانیاری كورد، بەڕێوەبەری دەزگای رۆشنبیریو بڵاوكردنەوەی كوردی. )
مامۆستا جەمال بابان، نووسەر و رووناكبیرێكی مەزن و بە توانا بووە، هەر بۆیەش ساڵی 1970 بە یەكەم سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد هەڵبژێردراوە.
مامۆستا جەمال بابان بایەخی بە دامەزراندنی یانە و سەنتەری رۆشنبیری داوە، لەوانە: (یانەی رۆشنبیری سەڵاحەدین لە بەغدا، سەنتەری رۆشنبیری بابان لە سلێمانی. )
بەحوكمی ئەوەی مامۆستا جەمال دەرچووی كۆلیجی ماف بووە، لە دوای خانەنشیبوونی لە ساڵی 1976 كاری پارێزەری كردووە، پارێزەرێكی زیرەك و بە توانا بووە و تا ساڵی 2015 بەردەوام بووە لە كاری پارێزەری.
مامۆستا جەمال لە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارە كوردی و عەرەبییەكان وتاری نووسیوە و خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینی چەند گۆڤارێك بووە، لەوانە : (بەیان، گۆڤاری سلێمانی شارەوانیی سلێمانی، گۆڤاری بابان. )
دوای خزمەتێكی زۆر بە كایەكانی رۆشنبیری و مێژوویی كوردستان، شەوی7 لە سەر 8ی ئەیلولی 2023، مامۆستا جەمال بابان لە تەمەنی 96 ساڵیدا كۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاكی نیشتمان سپێردرا.
دروودی رێز و وەفا و ئەمەكداری بۆ گیانی پاكی مامۆستا جەمال بابان، ئەو پیاوەی لە زۆر كایە و بواری ئەدەبی و مێژووییدا خزمەتی زۆری كرد و لە دەروازەیەكی زێڕینەوە دەچێتە ناو مێژووی كوردستانەوە.