ملیۆنان موسڵمان بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بە سەدان کیلۆمەتر دوورتر لە کەربەلا کۆبوونەوە تا دیمەنێکی بێوێنە لە جیهاندا بخوڵقێنن.
میوانداری گەلی عێراق لەم ڕێپێوانە مەزنەدا دیمەنێکی جوانی خوڵقاند، دیمەنێک زیاتر لە بیرکردنەوەکانی مرۆڤ و زیارەتکاران لەم ڕێپێوانەدا یەک دیناریان بۆ خواردن و خواردنەوەکان بەکار نەهێنا و بە سەدان ناوەندی خزمەتگوزاری لە ڕێگاکانی دەوروبەری شاری کەربەلای پیرۆز کرابوونەوە.
خاڵی گرنگ ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆر لە ناوەندەکانی خزمەتگوزاری لە لایەن موسڵمانانی سوننە، مەسیحییەکان و نەتەوە جیاجیاکانەوە کرابوونەوە کە ئەوە دەسەلمێنێت ئیمام حوسێن (ع) تەنیا بۆ یەک نەتەوە و مەزهەب نییە، بەڵکوو نموونەیەکە بۆ ئازادیخوازەکانی جیهان کە خۆی بە تەنیا لە بەرامبەر زوڵم و گەندەڵی وەستا و هەر بۆیە شیاوی ئەم ڕێزلێنانەیە.
ئامادەبوونی ئازادیخوازانی جیهان لە ڕێوڕەسمی ئەربەعین، هەموو ساڵێک لە لایەن میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبییەوە بایکۆت دەکرێت و میدیای ئەو وڵاتانە چاویان بە ڕووی ئەم ڕێپێوانە مەزنە دادەخەن و یان ئەگەر ڕووماڵیشی دەکەن بە زۆر بچووک ناوی دەبەن و هەندێک کات پەیوەندیی بە کێشە و پرسە تائیفییەکانەوە دەدەن.
ئەم هەڵسووکەوتە تەنیا وەک تیرۆریزمی میدیایی سەیر دەکرێت کە وا دەزانن بە بایکۆتی ئەوان جیهان دەستی بە هەواڵ و وێنەی ئەم ڕووداوە گرنگە ناگات، ئەوان دەبێت بزانن کە شۆڕشەکەی ئیمام حوسێن (ع) سەدان ساڵە بە زیندوویی ماوەتەوە و ساڵانە شکۆمەندانەتر بەڕێوە دەچێت. بۆ نموونە، ساڵی 2003 لە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەعسیی سەدام تەنیا 3 ملیۆن زیارەتکاری ناوخۆیی و بیانی ڕوویان لە کەربەلا کرد، کەچی ئەمساڵ ئەو ژمارەیە گەیشتە زیاتر لە 22 ملیۆن کەس.
چاودێرێکی بێلایەن و تەنانەت بێ زانستی سیاسی، ئەوە دەزانێت کە میدیاکانی عەرەبی و ڕۆژئاوا بە بیانووی ئازادی ڕادەربڕین و ڕووماڵی میدیایی بێلایەن، بچووکترین ڕووداوەکان، ئاژاوەگێڕییەکان، میوانییەکانی هاوڕەگەزخوازەکان و …. ڕووماڵ دەکەن و ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک کات و بەرنامەی خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن.
میدیاکانی عەرەب و ڕۆژئاوا ڕووداوە نەرێنییەکان وەها گەورە دەکەن کە ڕای گشتی بە لاڕێدا ببەن، تەنانەت ئەگەر لە عێراقیشدا زۆر بچووک بێت، لەو ڕووداوانە ئاژاوەگێڕییەکی میدیایی دەست پێدەکەن و بە پێی پلانەکانی خۆیان هەوڵ دەدەن کە دەسەڵات و سەروەری عێراق و تەنانەت جیهانی ئیسلام و یەکڕیزییەکەی بکەنە ئامانج، هەر بۆیە ئاشکرایە کە بە ئەنقەست و بە پلانی پێشوەختە، ڕێپێوانی ئەربەعین لە بەرچاو ناگرن تا وا پیشان بدەن کە زیان بە گەلی عێراق، ئیسلام و شێعە دەگەێنن.
میدیاکانی عەرەب و ڕۆژئاوا ئەربەعین بە ئامرازی بەهێزبوون و یەکڕیزی موسڵمانان دەزانن کە پێگەی موسڵمانان بەرزتر دەکاتەوە، ئەو دەرفەتەی کە پیلانی دوژمنان پووچەڵ دەکاتەوە و گەنجان هانی پابەندبوون بە ئائین، پیرۆزییەکان و ئاکار و ڕەوشتی بەرزی ئیسلامی و مرۆیی دەدات و هەمووان دەزانن کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ساڵانێکی زۆرە دژی ئەم بەها و پیرۆزییانە شەڕیان ڕاگەیاندووە./.