بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵح ئەبو عەزە توێژەری کاروباری ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە ئەوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین سەبارەت بە کێشەکانی سعوودیە، فەڵەستین و ئەمریکا و ڕاستی ڕووداوەکان باسی دەکات، جیاوازییەکی زۆری هەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەڵوێستی فەرمیی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین سەبارەت بە پرۆژەی سازشتی سعوودیە، وتی: ڕاستییەکە شتێکی دیکەیە و ئەویش پاڵپشتی دارایی سعوودیە لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینە بۆ کۆتایی هێنان بە خۆڕاگری و خەباتی فەڵەستینییەکان لە کەرتی خۆرئاوا و زاڵبوونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستینە لەم ناوچەیە.
ناوبراو وتی: دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین داوا لە ئەمریکا دەکات کە وڵاتی فەڵەستین لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی بناسرێت و هەروەها داوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەمریکا و کردنەوەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە فەڵەستین و قودسی ڕۆژهەڵات و کردنەوەی نووسینگەی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین لە واشنتن دەکات کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەو وڵاتەوە داخراوە.
ساڵح ئەبو عەزە وتی کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین داوای دەستەبەرکردنی پابەندبوونی ڕژێمی زایۆنیستی بە بەڵێنەکانی دەکات.
ناوبراو وتی کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین هەوڵی زاڵبوونی تەواو بە سەر ناوچەی کەرتی خۆرئاوا دەدات بەڵام ئەمڕۆ لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی ئاستی داواکارییەکانی دابەزاندووە و ئەمەش توڕەبوونی گەلی فەڵەستینی بە دواوە دەبێت.
توێژەری کاروباری ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها وتی: سازشتی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی تەل ئەبیب دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی فەڵەستین و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەرە، ئەگەر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بتوانێت ئیمتیازیش لە ڕژێمی زایۆنیستی وەربگرێت، ئیمتیازی هەمیشەیی نابێت، لە بەر ئەوەی کە ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوەیان سەلماندووە لە گەڵ ئەو ڕژێمەی کە بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکان، هیچ ڕێکەوتنێک بەردەوام نابێت و ئەمریکاش ناتوانێت بە پێی خواستەکانی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین دەستەبەری بکات.
ڕاشیگەیاندووە کە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین بەو بڕوایە گەیشتووە کە بە هۆی سیاسەتەکانی ئێستای ئەمریکا لە بەرامبەر دۆسیەی فەڵەستین و پاڵپشتی هەمیشەیی لە ڕژێمی زایۆنیستی، ناتوانێت شەرعییەتێکی نێودەوڵەتی بە دەست بێنێت.
لە لایەکی دیکەوە تەیسیر نەسروڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی شۆڕشی بزوتنەوەی فەتح ڕایگەیاندووە کە گەلی فەڵەستین دژی هەر سازشتێکە لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی و بە تایبەت دژایەتی خۆیی بۆ پرۆژەی ئاشتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعوودیە دەربڕیوە.
ناوبراو وتی کە گەلی فەڵەستین مافە ڕەواکانی خۆیی دەوێت و چاوەڕوانی ئەوەش لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین دەکات لەم پێناوەدا هەوڵ بدات.
تەیسیر نەسروڵڵا وتی: ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت بە بێ هیچ تێچوویەک ڕێکەوتنی سازشت لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی واژۆ بکات و هەڵوێستی فەڵەستینییەکان لە بەرامبەر ئەم جموجوڵانە ئاشکرایە.
ناوبراو وتی کە گەلی فەڵەستین دژی سازشتە و درێژە بە خەباتی خۆی لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی دەدات و دڵنیایی ئەوەشی هەیە کە ڕۆژێک سەرکەوتن بە دەست دێنێت و مافە ڕەواکانی خۆی بە خەبات بە دەست دێنێت.
ئەندامی ئەنجومەنی شۆڕشی بزوتنەوەی فەتح وتی کە لە ڕەوتی سازشت، ڕەزامەندی یان دژایەتی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین گرنگ نییە، لە بەر ئەوەی کە وڵاتانی عەرەبی بە بێ هیچ گرنگیدانێک بە پرسی فەڵەستین و دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەر، لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی سازشتیان کردووە./.