بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەكێك لە هۆكارەكانی حەزی زۆر و ناسرووشتی بۆ خواردنەكان كەمخەوییە. كاتێك مرۆڤ تووشی حاڵەتی كەمخەوی دەبێت، ئەو هۆرمۆنانە چالاك دەبن، كە پەیوەندییان بە مەیلی خواردن و هەستكردن بە برسێتییەوە هەیە. كاتێك وەكوو پێویست ناخەویت، جەستە بە شێوەیەكی ناسروشتی هۆرمۆنی گرلین دەستەبەر دەكات، ئەم هۆرمۆنە حەزی خواردن زیاد دەكات.
هاوكات ئاستی هۆرمۆنی لیپتین، كە پەیوەندیی بە هەستی تێربوونەوە هەیە، لە جەستەدا كەم دەكات و مرۆڤ هەمیشە هەست بە برسێتی دەكات و لە ئەنجامدا كێشی لەشی زیاد دەكات.
پزیشكان جەخت لەوە دەكەنەوە، مرۆڤ تا ڕادەیەك دەتوانێت باڵانسێك لە حەزەكانی دروست بكات و بۆ تێكنەچوونی رەوشی تەندروستی وا باشترە رادەست بە حەزەكانی نەبێت، بۆ نموونە كاتێك حەزی لە شۆكۆلاتەی شیرینە، شۆكۆلاتەی تاڵ بخوات. یاخود كاتێك حەزی لە خواردنێكی سوێرە، خواردنێك دەستنیشان بكات، كە بڕی خوێی زۆر نەبێت./.