بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی الوفاق سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دەرەوە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، وتی: سەبارەت بە سوریا ئەمڕۆ دوو تێڕوانین دەبینین، ئەوەی کە جیهانی عەرەب لە قۆناغی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، کردنەوەی باڵیۆزخانەکان و دەستپێکردنەوەی هاوکارییەکانە لە ئاستە جیاجیاکان لە گەڵ دیمەشق.
ناوبراو وتی: سەرکردەکانی جیهانی عەرەب، وڵاتانی ئیسلامی و ناوچەکە لە پێگەی سوریا تێگەیشتوون و دەزانن کە وڵاتێک نییە لە هاوکێشەکانی ناوچەکە بسڕێتەوە، بە هۆی ئەم گۆڕانکارییە ئەرێنییەشەوە دەبینین کە دوژمنایەتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی گەل و حکومەتی سوریا زیادی کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: من لە سەردانەکەی ئەم دواییەم بۆ دیمەشق لە بەرپرسانی سوریام بیستووە کە بۆ نموونە لە ناوچەکانی وەک ڕۆژهەڵاتی فۆرات و ئیدلب، هێزە دەرەکییەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی بێگانە هەوڵی ڕێکخستنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان دەدەن لە پێناو زیاترکردنی گوشارەکانی سەر سوریا. ئەمریکاش هەوڵی زیاترکردنی سزاکانی سەر سوریا دەدات.
پێشنیاری ئێران بۆ دابینکردنی ئاسایشی سنورەکانی سوریا و تورکیا
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئەم هەوڵانەی دوژمنان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی جیهانی عەرەب و ناوچەکەیە لە گەڵ سوریا.
ناوبراو وتی: بابەتێکی دیکە سەبارەت بە سوریا، سنورەکان و ئاسایشی سنورە هاوبەشەکانی نێوان ئەم وڵاتە و تورکیایە. بەرپرسانی سوریا بە ئێمەیان ڕاگەیاندووە کە توانا و ئامادەیی ئەوەیان هەیە تا ئاسایشی سنورە هاوبەشەکان لە گەڵ تورکیا لە ناو خاکی سوریاوە دابین بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: لە دوایین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار وڵاتی ئێران، سوریا، ڕووسیا و تورکیا لە مۆسکۆ، دەستپێشخەری و پێشنیاری ئەوەمان خستەڕوو کە تورکیا و سوریا بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا بگەنە ڕێکەوتن.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: بۆ تورکیا دابینکردنی ئاسایشی سنورەکانی لە خاکی سوریاوە گرنگە کە لە لایەن گرووپ و لایەنەکانی دژە ئاسایشی ناوچەکەوە هەڕەشەی لە سەر نەبێت و ئەمەش بابەتێکی درووستە کە تورکیا پێداگریی لە سەر دەکات.
وتیشی کە بە پێی ئەو پێشنیارەی ئێمە لە کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکە، سوریا و تورکیا پێکەوە گەیشتنە ڕێکەوتن کە سەرەتا تورکیا بەڵێنی کشانەوەی هێزەکانی لە سوریا بدات و پاش ئەوەش سوریا بەڵێن دەدات بە جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی لە سنورە هاوبەشەکان ڕێگری لە هەر دەسدرێژییەک بۆ خاکی تورکیا بکات و ئێران و ڕووسیاش وەک چاودێر هاوکاری سەرخستنی ڕێکەوتنەکە بکەن.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێمە هەوڵ دەدەین بە ڕاوێژ لە گەڵ برایانی خۆمان لە تورکیا بزانین چ ڕێگایەک بوونی هەیە بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکانی ئەو وڵاتە و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا و ئەوەی کە ئارامی بۆ سنورەکانی سوریا و تورکیا بگەڕێتەوە.
گرنگیدان بە خۆڕاگری، سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: هەندێک لە میدیاکان ئەوەیان بڵاو کردەوە کە ئەمریکا بە هێزی سەربازی خاڵی سنوریی ئەلبوکەمال دادەخات، ئەوەی کە بەدواداچوونمان بۆ کردەوە، گوزارشت لەوە دەکات لە سەر ئەرزەوە هیچ گۆڕانکارییەک ڕووی نەداوە کە بیەوێت ئەمە پشتڕاست بکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: بەڵام ئەوەی کە ئایا ئەمریکییەکان لە ڕاستیدا هەوڵی پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی لەم ناوچەیە دەدەن یان نە، دەبێت بوترێت کە ئەمریکا لە ڕابردووەوە تا ئێستا ئامانجی وەهای هەبووە. ئەوە لەبیر ناکرێت کە کاتێک سوریا و عێراق لە شەڕی دژ بە داعشدا بوون، ئەمریکا وەک ئامرازێک کەڵکی لە گرووپی تیرۆریستی داعش وەردەگرت بۆ داخستنی ئەلبوکەمال.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: لە ڕاستیدا ئەمریکییەکان لە قۆناغێکدا هەوڵێکی زۆریاندا کە ئەم سنورە بە داخراوی بمێنێتەوە بەڵام بە پلانێک کە لە پێناو بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی سوریا و عێراق جێبەجێ کرا ئەم سنورە کرایەوە و لە ڕاستیدا سنوری دۆستایەتی و هاوکارییە ئابورییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ ئەو سەردەمە نییە کە لایەنێک بیەوێت سنوری دوور و درێژی نێوان دوو وڵات دابخات. ئەمەش بۆ ناوچەی قەفقاز دەتوانین باس بکەین، هەوڵێک هەیە کە ڕێگای مێژوویی نێوان ئێران و ئەرمینیا دابخەن بەڵام بە ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە موڵەتی ئەوە نادەین هیچ پیلانێک کاریگەری لە سەر ڕێڕەوە مێژووییەکانی ئێران دابنێت.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی کە ئەمەش بە هەمان شێوە بۆ عێراق و سوریا باس دەکەن بەڵام تا ئێستا بە کردەوە شتێک لە ئەمریکییەکان بۆ داخستنی ئەلبوکەمال نەبینراوە.
وتیشی کە گرنگیدان بە بەرەی خۆڕاگری لە ڕیزی سیاسەتی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە و ئەمەش لە پێناو بەرگرییە لە زوڵملێکراوان، چەوساوەکان و یارمەتیدانی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و بەردەوام جەختی لە سەر کراوەتەوە.
هیچ درۆنێکی ئێرانی بۆ شەڕی ئۆکراینا بە ڕووسیا نەدراوە
ناوبراو وتی: لە دوایین پەیوەندی تەلەفوونیم لە گەڵ بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، ئەوەی باس دەکرد کە دەڵێن ڕووسیا لە درۆنی ئێرانی بۆ شەڕی ئۆکراینا کەڵک وەردەگرێت و من بەوم ڕاگەیاند کە ئەم قسە بێ بنەمایە هێندە دووبارە نەکەنەوە، هەڵوێستی ئێمە بە تەواوی ڕوونە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئێمە لە قەیرانی ئۆکراینا هەر لە سەرەتاوە ڕامانگەیاند کە هیچ درۆنێکمان بۆ ئەم شەڕە بە ڕووسیا نەداوە بەڵام لە هاوکاریکردنی خۆڕاگریی فەڵەستین و لوبنان سەرەڕای لێکەوتەکانی، بە ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندووە کە لە گەڵ ئەم لایەنانەدا دەبین.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: تێڕوانینمان لە سەر ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە سەر بنەمای دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و سەربەخۆیی سیاسی درێژە پێدەدەین و خۆڕاگریش لە بنەما گرنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێمەیە.
ناوبراو وتی: کاتێک باس لە خۆڕاگری دەکەیەن بە واتای خۆڕاگریی لە بەرامبەر تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، خۆڕاگری لە بەرامبەر پیلانی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە و پاڵپشتی لە خۆڕاگری بە واتای پاڵپشتییە لە ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە.
پڕوپاگەندەکانی ڕژێمی زایۆنیستی پیشاندەری ترس و لاوازبوونە
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: خاڵێکی گرنگ کە لە زمانی سەرکردەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و هەروەها لە زمانی ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بیستوومە، ئەوەیە کە لە ڕووی ورە و توانا و وەڵامدانەوە لە باشترین دۆخدان، هەربۆیە ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی وەک سیاسەتی پڕوپاگەندە پەیرەوی دەکات، پیشاندەری ترس و لاوازبوونی ئەو ڕژێمەیە لە بەرامبەر بەرەی خۆڕاگری.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: دەزگا ئەمنییەکانی ئێمە بەڵگەی تەواویان لایە کە ڕژێمی زایۆنیستی ڕێز لە سەروەری ئەو ژمارە کەمەی وڵاتانەش ناگرێت کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵیدا ئاسایی کردووەتەوە. ئەوەش لە باس دەکرێت ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بۆ جیهانی ئیسلام و ناوچەکە سوودی دەبێت، دوورە لە ڕاستییەوە.
دەستپێشخەرییەکەی سوڵتانی عۆمان لە بەرچاو گیراوە
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: تەنانەت ئەگەر تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی هەنگاو بنێن، کۆماری ئیسلامی ئێران بە هێزەوە بەرگری لە بنەماکانی سیاسەتی خۆی لە ناوچەکە و هەروەها بەرگری لە بەرەی خۆڕاگری دەکات. پاڵپشتی لە خۆڕاگری بە واتای دەستەبەرکردنی ناوچەیەکە کە ئێمەش وەک ئێران لەم ناوچەیە دەژین.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: سوڵتانی عۆمان دەستپێشخەرییەکی هەبووە سەبارەت بەوەی کە سەرجەم لایەنەکان چۆن دەتوانن لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکیدا پابەندی بەڵێنەکانی خۆیان بن، ئێمە گرنگیمان بەم پێشنیارە داوە و ئەگەر بگەینە خاڵێک کە ئەنجامێکی هەبێت بە دڵنیاییەوە بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەینەوە./.