خاڵێکی بەرچاو سەبارەت بە بەیاننامەکەی ئەم سێ وڵاتە ئەورووپییە، بەردەوامیدانە بە درۆ و پڕوپاگەندە کە ئەویش تەنیا گوێڕایەڵی و شوێنکەوتوویی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە لایەن ئەوانەوە پیشان دەدات. ئەم سێ وڵاتە بە شوێنکەوتوویی سیاسەتەکانی ئەمریکا لە شەڕی ئۆکراینا بە بێ گرنگیدان بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆیان، بەسراوەییان بە سیاسەتەکانی واشنتن زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە سەلماندووە.
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەش و وەک پاساو هێنانەوەیەک بۆ جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی خۆیان لە کۆتایی هێنان بە سزاکان، بێ ئاماژەدان بە کشانەوەی تاکلایانەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی، ئێرانیان بە جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکانی خۆی لەم ڕێکەوتنە تۆمەتبار کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران لەو یەکساڵە دەرفەتەی کە بەو وڵاتانەی دا، خۆی پابەندی سەرجەم بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە بوو و ئەم ڕاستییەش لە هەر 15 ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی جەختی لە سەر کراوەتەوە. ئێران یەک ساڵ دەرفەتی دایە ئەو وڵاتانە یا زیانەکانی کشانەوەی تاکلایانەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی قەرەبوو بکەنەوە.
ئەوەی کە لە بەیاننامەکەی سێ وڵاتە ئەورووپییەکەدا نەهاتووە، ئەوەیە کە ئێران پاش گەڕانەوەی سزا زاڵمانەکانی ئەمریکا و کشانەوەی کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەورووپی لە ئێران لە پێناو جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی واشنتن، بە پێی مافەکانی خۆی لە بڕگەکانی 26 و 36 ی ڕێکەوتنی ناوەکی، هەنگاوی بەرەو قەرەبووکردنەوە نا تا بەم شێوەیە لایەنەکانی دیکە بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپی ناچار بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی خۆی بکات.
لە لایەکی دیکەوە، لە بەیاننامەکەی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا هیچ ئاماژەیەک بەوە نەدراوە کە ئێران سەرەڕای کشانەوەی تاکلایانەی ئەمریکا و بێ بەڵێنی وڵاتانی ئەورووپی، بەردەوام هاوکاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی دەکات و کامێراکانی چاودێریی ئاژانس هەر ڕووداوێکی بچووک و گەورە لە دامەزراوە ناوەکییەکانی ئێراندا تۆمار دەکات و پشکێنەرانی ئاژانسیش بە بێ هیچ کێشە و گرفتێک لەم داموەزراوانەدا دەگەرێن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەمووان دەزانن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی بووەتە بوکەڵەی دەستی ئەمریکا و لە ڕاپۆرتەکاندا هەوڵیداوە کێشە و بابەتە تەکنیکییەکان بە سیاسی بکات.
ئاشکرایە کە هەر ڕێکەوتنێک دەبێت بەرامبەر بێت بەڵام خاڵی سەیر ئەوەیە کە وڵاتانی ئەورووپی وا لە گەڵ ڕێکەوتنی ناوەکیدا هەڵسووکەوت دەکەن کە دەڵێی ڕێکەوتنێکی تاکلایانەیە و لایەنەکانی دیکە سەرەڕای واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە، هیچ بەڵێنێکیان نییە.
ئێران مافی ئەوەی هەیە کە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرگری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی بکات و هەوڵی لابردنی سزا و گەمارۆ زاڵمانەکان بدات، ئەڵبەت ئێران بژاردەی زۆری لە بەردەستدایە تا وەڵامی وڵاتانی ئەورووپی بداتەوە، ئەو وڵاتانەی کە بەردەوام بە ڕێگایەکی هەڵەدا دەچن./.