بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژنڕاڵ تامیر هایمەن بەرپرسی پێشووی هەواڵگری سەربازی لە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی، هەڕەشە و مەترسییە گەورەکانی بەردەم ئەم ڕژێمەی لە ساڵی داهاتوو ناو بردووە و هەندێکی بە تەکتیکی و کورت خایەن و هەندێکی دیکەی بە ستراتیژی و درێژخایەن ناو بردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە هێزی تەکنیکی و سەربازیی ئیسرائیل ڕەنگە ببێتە هۆکاری زاڵبوون بە سەر کێشەکاندا بەڵام ئەو سەرکەوتنەش کارەساتی گەورەی بە دواوە دەبێت و دەرفەتە ستراتیژییەکان لە ناو دەبات و وا دەکات کە تواناکانی ئیسرائیل بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشە ستراتیژییەکان لاواز ببێت.
هایمەن 5 کێشە گەورەکەی بەردەم ڕژێمی زایۆنیستیی بەم شێوازە باس کردووە:
1 – مەترسی حزبوڵڵای لوبنان
ژنڕاڵە زایۆنیستەکە ڕایگەیاندووە کە هەڕەشەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە گەڵ هەڕەشە و کێشەکانی دیکەدا جیاوازییەکی زۆری هەیە و بە پێچەوانەی کێشە ستراتیژییەکان کە ناڕوون و شاراوەن، کێشەیەکی بەرچاو و تەکتیکییە، هەر بۆیە مەترسی شەڕی دژ بە حزبوڵڵا پەیوەندی بە شێوازی هەڵسووکەوتی تەل ئەبیب لە گەڵ هەنگاوەکانیدا هەیە و هەروەها پەیوەندیشی بە شێوازی کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان و پاراستنی هاوکێشەی بەرگرییەوە هەیە.
2 – مەترسی ئێران
هایمەن لە درێژەدا مەترسییەکانی ئێرانی بە دوو بەش ناو بردووە. یەکەم، تەکتیکی کە لە هەوڵەکانیدا بۆ پتەوکردنی پێگە و بوونی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە نزیک سنورەکانی ئیسرائیل (فەڵەستینی داگیرکراو) دەبینرێت و ئەمەش هەمان بابەتە کە ئیسرائیل ڕێگاچارەی کاتیی بە گرتنەبەری سیاسەتی شەڕی نێوان شەڕەکان ناو بردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە مەترسی دووەم، ئێرانێکی خاوەن چەکی ناوەکییە. لە کاتێکدا کە ئیسرائیل نەیتوانیوە چارەسەرێکی بۆ ئەم هەڕەشەیە هەبێت و ئێران سەرەڕای گوشارە دەرەکییەکان سەرکەوتنی گەورەی لەم بوارەدا هەبووە. ڕێکەوتنی ناوەکی چارەسەرێکی باش بوو بەڵام کابینەی پێشووی نتانیاهۆ هەڵسووکەوتی سەرکەوتووانەی لە بەرامبەریدا نەبوو و ڕەزامەندی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکای بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنەکە و هەڵوەشانەوەی بە دەست هێنا.
3 – مەترسی فەڵەستین
ئەو ژنڕاڵە زایۆنیستە لە درێژەدا سەبارەت بە کێشەکانی بەردەم تەل ئەبیب، ئاماژەی بە زیاتربوونی چالاکی گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا داوە و بە کێشەیەکی تەکتیکی ناوی بردووە و ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل بە هێزی هەواڵگری و سەربازی دەتوانێت ڕوبەڕوی ئەم کێشەیە ببێتەوە.
هایمەن ڕایگەیاندووە کە سەرکەوتنی کاتی لە کەرتی خۆرئاوا بە هۆی نەبوونی ئاسۆی سیاسی بۆ چارەسەرکردنی بەدەر لە لاوازبوونی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و ترسی لەدەستچوونی دۆخەکە لە پاش نەمانی مەحمود عەباس لە گۆڕەپانی سیاسی، لێکەوتەی مەترسیداری ستراتیژیی بە دواوە دەبێت. بە تایبەت ئەوەی کە ئیسرائیل تا ئێستا لە کۆنتڕۆڵکردنی کەرتی خۆرئاوا شکستی هێناوە.
4 – پەیوەندی لە گەڵ ئەمریکا
بە وتەی تامیر هایمەن، پەیوەندی ئیسرائیل لە گەڵ ئەمریکا بە ئەستوونی سەرەکی بۆ مانەوەی تەل ئەبیب دادەنرێت، هەربۆیە گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکان لە گەڵ واشنتن دەتوانێت کاریگەری لە سەر پێگەی ئیسرائیل و توانای ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکان دابنێت.
ناوبراو وتی کە مەترسی دۆخی ئێستای پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەمریکا و بەردەوامی کێشە ناوخۆییەکان لە سەر هەموارە دادییەکان و نەبوونی تێڕوانینێکی هاوبەشی نێوان هەر دوو لا بووەتە کێشەیەکی گەورەتر بۆ دەسەڵاتدارانی تەل ئەبیب.
5 – کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکان
ژنڕاڵ هایمەن بە ئاماژە بەوەی کە پرۆژەی هەموارە دادییەکان بە سەرۆکایەتی نتانیاهۆ، کێشە و کەلێنەکانی نێو کۆمەڵگای زایۆنیستی زیاتر کردووە، وتی کە لە ئەگەری پاشەکشەنەکردنی سەرۆک وەزیران، چارەسەرێک بوونی نییە و دۆخەکە بۆ ئەوەی ڕابردوو ناگەڕێتەوە و زامی ناکۆکییەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە و لە ڕاستیدا ناکۆکییە تائیفی و مەزهەبی و کەلتوری و نەتەوەییەکان قووڵتر دەبنەوە، بە تایبەت ئەوەی کە کێشەکان پەلکێشی ناو سوپای ئیسرائیل بووە و ئەنجامەکەشی زیاتربوونی کەلێنەکان و نەمانی متمانەیە لە نێوان بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگای زایۆنیست./.