بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە تاوانێک لە دژی گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین دادەنرێت و ڕژێمی زایۆنیستی بەم ڕێکەوتنەوە دەیەوێت دەست بە سەر تەواوی سەرچاوەکانی جیهانی عەرەبدا بگرێت و ئەو وڵاتانە تاڵان بکات.
ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێکەوتنی ئابراهام بە دوای ئەوەدا دەگەڕێت کە لە گەڵ ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵیدا ئاساییکردووەتەوە، هاوپەیمانییەکی دژ بە ئێران و بەرەی خۆڕاگری پێک بێنێت و ئەمەش بابەتێکە کە بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە.
لەم سێ ساڵەدا دەتوانین بەوە بگەین کە وڵاتانی عەرەبی تەنیا لە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی زیانیان پێگەیشتووە و تەل ئەبیب بە هەموو شێوەیەک هەوڵیداوە ئەوان بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی بەکار بێنێت. تەنانەت بەم ڕێکەوتنەوە ڕژێمی زایۆنیستی تاوانەکانی لە دژی گەلی فەڵەستین زیاتر کردووە.
لە ڕاستیدا ئەم ڕێکەوتنە هیچ بۆ پرسی فەڵەستین نییە و بۆ فەڵەستینییەکانیش بە پێویست دانانرێت، بەڵکوو تەنیا ئەو ڕژێمانەی ناوچەکەن کە بۆ پاڵپشتیکردنیان لە لایەن ئەمریکاوە پێویستیان بەم سازشت و خۆفرۆشتنە هەیە.
ئەو ڕژێمانەی ناوچەکە کە پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ئاسایی کردووەتەوە، بوونەتە نووسینگەیەکی خزمەتگوزاری بۆ ئەمریکا و ئەوەی کە واشنتن فەرمانی پێدەکات لە لایەن ئەوانەوە جێبەجێ دەکرێت. تەنانەت ئەمریکا وایکردووە کە ڕژێمی زایۆنیستی دەستی بە بازاڕەکانی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس بگات و لەم ڕێگایەوە ئابورییەکەی بەرەو بوژانەوە ببات و کەمتر پێویستی بە پارە و هاوکاری مادی ئەمریکا بێت.
ئەگەرچی ڕێکەوتنەکە هەندێک ئامانجی ئابوری ڕژێمی زایۆنیستیی لە ڕێگای بازاڕەکانی وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارسەوە دابین کردووە بەڵام لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە هیچ کات بە دڵی تەل ئەبیب نییە و خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین زیاتر و بەهێزتر بووە و دەبینین کە لە پاش سێ ساڵ بە سەر واژۆکردنی ڕێکەوتنی سازشتدا، کەرتی خۆرئاوا بووەتە گۆڕەپانێکی ئاگر بۆ زایۆنیستەکان و ڕێکەوتنی ئابراهام و وڵاتانی ئەندام لەم ڕێکەوتنە هیچ پێگە و بایەخێکیان لای گەلی فەڵەستین و تەنانەت موسڵمانان نەماوە./.