بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کۆبوونەوەی ئەم دواییەی کۆمیتەی میراتی جیهانیی یۆنسکۆ، دۆسیەی کاروانسەراکانی ئێران تاوتوێ کرا و بە پەسەندکردنی لە لایەن ئەندامانی کۆمیتەکەوە لە ریزی ئاسەوارە جیهانییەکاندا ناویان تۆمار کرا.
چل و پێنجەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی میراتی جیهانیی یۆنسکۆ لە 10 ی ئەیلول لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە دەستی بە کارەکانی کرد و دۆسیەی 50 ئاسەواری 40 وڵاتی جیهان بۆ تۆمارکردنی لە سەر ئاستی جیهانی خرایە ڕیزی کارەکانەوە.
لەو ژمارەیەش 24 دۆسیە پشکی کۆبوونەوەکەی ساڵی ڕابردوو بووە کە بە هۆی قەیرانی ئۆکرایناوە دوا خرابوو و 26 دۆسیەی پەیوەندی بە ساڵی 2023 ەوە هەبووە.
نوێنەرانی قەتەر، زامبیا، عۆمان، ڕووسیا، هیندستان، مالی، ئەفریقای باشور، یۆنان، ئەسیوپیا، سعوودیە، بەلجیکا، بۆلگاریا و ئەرژەنتین بە ئاماژە بە مێژوو، شێوازی بیناسازی، گرنگی و پێگەی کاروانسەراکانی ئێران لە گەشت و سەردانەکانی سەردەمی خۆیان و هەروەها گرنگییان لە ڕووی کەلتورییەوە، پاڵپشتییان لە تۆمارکردنیان لە سەر ئاستی جیهانی کرد.
دۆسیەی کاروانسەراکانی ئێران، 54 کاروانسەرا لە 24 پارێزگای ئەم وڵاتە لە خۆ دەگرێت و لە نێو دەیان کاروانسەرای مێژوویی ئێران هەڵبژێردراون و لە ئێستادا لە سەر ئاستی جیهانی تۆمار کراون تا پیشاندەری شارستانیەتی کۆن و مێژووی دێرینی ئێران بە جیهانیان بن.
لە دۆسیەی ناساندنی تایبەتمەندییەکانی کاروانسەرا ئێرانییەکان هاتووە کە ” کاروانسەراکان یەکێک لە گرنگترین شێوازی بیناسازیی ئێرانن کە بوونەتە هۆکاری گەشەپێدانی ڕێگاکان و دابینکردنی پێداویستییەکانی سەردانیکردن لە سەردەمی خۆیاندا. ئەم کاروانسەرایانە بە بەراوردکردنی نەخشە و دیزاینی 200 کاروانسەرا هەڵبژێردراون و نەخشەی هیچ یەک لەوان دووبارە نەبووەتەوە، هەر بۆیە ئاشکرایە کە کاروانسەراکان ئەنجام و بەرهەمی داهێنان و شارەزایی ئەندازیارانی ئێرانی بە درێژایی مێژوون “.
هەروەها هاتووە کە ” کاروانسەراکانی ئێران ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانەوە هەبووە، بە شێوازێک کە کاریگەری ئەوان لە وێژە، شیعر، نیگارکێشی، بیناسازی و مۆسیقا دەبینرێت “.
دێرگەچین لە قۆم، نەوشیروان لە ئەسفەهان، قەڵای سەنگی لە ڕوبات کەریم، ڕوبات شەرەف لە سەرەخس، سەنگی ئەنجیرە لە ئەردەکان، جەمال ئاباد لە میانە، عەباس ئاباد لە تایباد، فەخر داوود لە نەیشابور، شێخ عەلی خان لە شاهین شار، مەرەنجان لە ئاران و بیدگول، ئەمین ئاباد لە شاری ڕەزا، گیرئاباد لە قەمسەر، مەهیار لە شاری ڕەزا، گەز لە شارۆچکەی گەز، کوهپایە لە شارۆچکەی کوهپایە، مەزینان لە داوەرزەن، ئیزەد خواست لە ئابادە، فەخرئاباد لە بجستان، سەرایان لە شارۆچکەی سەرایان، قەسری بەهرام لە گەرمەسار، ئاهوان لە خاوەرشار، مەیامی لە شاهڕود، عەباس ئاباد لە شاهڕود، میاندەشت لە شاهڕود، زەینەدین لە مێهریز، مەیبۆد لە شاری مەیبۆد، فارسفج لە تویسرکان، خوانە نەزەر لە جوڵفا، دهدەشت لە شاری دهدەشت، بێستون لە بێستونی کرماشان، گەنجعەلی خان لە کرمان، گویجە بل لە ئەهەر، خۆی لە شاری خۆی، سائین لە نیر، تی تی لە سیاهکەل، باخی شێخ لە ساوە، زەعفەرانیە لە سەبزەوار، مهر لە سەبزەوار، یەنگە ئیمام لە ساوجبڵاغ، بستەک لە بستەک، برازجان لە برازجان، خەرانەق لە ئەردەکان، ئاجوڕی ئەنجیرە لە یەزد، ئەفزەل لە شوشتەر، نیستانەک لە نائین، چاڵی کوران لە ڕاوەر، چەشمەک لە پێڵ دوختەر، ڕەشتی لە ئەردەکان، تاج ئاباد لە بەهار، دێ محەممەد لە تەبەس، خان لە خۆی، چل پایە لە تەبەس، سەعد سەڵتەنە لە قەزوێن و ڕوبات قولی لە جاجرەم، ئەو 54 کاروانسەرایەی ئێرانن کە لە ڕیزی ئاسەوارە جیهانییەکاندا لە لایەن ڕێکخراوی یۆنسکۆوە تۆمار کراون.
پێویستی مرۆڤەکان بە شوێنی مانەوە لە سەدان سەدەی ڕابردووەوە گرنگی پێدراوە، لە ئێرانیش بە تایبەت لە سەر ڕێگاکانی هاتووچۆی ئەو سەردەمەی نێوان شار و ناوچەکان، کۆمەڵەیەک بە ناوی کاروانسەرا کراوەتەوە کە لە سەردەمی خۆیاندا بە دەستکرد و هونەرێکی دەگمەن لە ڕووی بیناسازییەوە دادەنرا.
کردنەوەی کاروانسەرا لە ئێران مێژووییەکی کۆنی هەیە و لە قۆناغە جیاجیاکان بە تایبەت لە سەردەمی ئیسلامیدا گرنگییەکی زۆری پێدراوە و شوێنی حەوانەی خەڵک و بازرگانانی ئەو سەردەمە بووە.
مێژووی کردنەوەی کاروانسەراکان لە ئێران بۆ زیاتر لە 2500 ساڵ دەگەڕێتەوە. هەر کاروانسەرایەک بە درێژایی ئەو ڕێگایە دەکرایەوە کە کاروانێک دەیتوانی لە ماوەی یەک ڕۆژدا بیبڕێت. لەو سەردەمەی ئێران بە هۆی کەش و هەوای گەرم و وشک و دووربوونی شارەکان لە یەکتر، بوونی شوێنێک بۆ حەوانە و مانەوە و دابینکردنی خواردنەوە وەک پێویستییەک سەیر دەکرا و بە بێ ئەمەش گەشت و سەردانەکان بە تەواوی ئەستەم دەبوو.
کردنەوەی کارونسەراکان لە ئێران لە سەردەمی سەفەوییەکاندا گەشەی زۆری هەبووە و شا عەباس بڕیاری نۆژەنکردنەوە و زیندووکردنەوەی ڕێگای ئاورێشمی دا و یەکێک لە پێداویستییەکانی ئەمەی بە کردنەوەی کاروانسەراکان دەزانی.
کاروانسەراکانی ئێران پیشاندەری کەلتور، هونەر، مێژوو و شارستانیەتی ئەم وڵاتەن و دەبینین کە ئەمڕۆ گرنگییەکی زۆر بە پاراستنیان دراوە و لە بواری گەشتیاری ئەم سەردەمەشدا دیسانەوە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت./.