بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵانێکە کە دۆلار لە بازاڕە جیهانییەکان وەک دراوی یەکەم بەکار دێت و بازاڕەکانی جیهانی کۆنتڕۆڵ کردووە بەڵام لە ئێستادا هێماکانی گۆڕانکاری لەم دۆخەدا دەرکەوتووە و بە دڵنیاییەوە کە وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس بوونەتە پێشەنگی ئەم گۆڕانکارییە.
ئەم هەنگاوە ستراتیژییە ڕەنگە گۆڕانکاری بەرچاو لە ئاڵوگۆڕە داراییەکانی جیهاندا دابین بکات. هیندستان وەک یەکێک لە وڵاتانی ئەندام لە گرووپی برێکس بڕیاریداوە چیدی کات بە فیڕۆ نەدات و لەم ماوەیەدا گرێبەستی کڕینی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی لە گەڵ ئیمارات واژۆ کردووە و پارەکەشی بە دراوی نیشتمانیی خۆی دەبێت.
هیندستان و ئیمارات ساڵانێکە هاوکاری نزیکیان پێکەوە هەیە. لەم ماوەیەدا گرێبەستێکی دیکە لە نێوانیان بۆ کڕینی ئاڵتون واژۆ کراوە کە بۆ ئەوەش دۆلار بەکار نەهاتووە.
سەرجەم ئەم گرێبەستانە لە مانگی ئابی ڕابردوو بووە. هیندستان لە ئێستادا چاوی خستووەتە سەر بازاڕەکانی سعوودیە کە ئەویش بەم دواییانە بووەتە ئەندامی برێکس. نیودهلی و ڕیاز ماوەیەکە کار لە سەر بەکارهێنانی دراوی نیشتمانی لە ئاڵوگۆڕەکانی نێوانیان دەکەن.
لە ڕاستیدا گرووپی برێکس هەوڵ دەدات وڵاتانی ئەفریقی، ئاسیایی و ئەمریکای باشور بەرەو بەکارهێنانی دراوە نیشتمانییەکان لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان هان بدات، هۆکارەکەشی ڕوونە، بەهێزبوونی ئابوری نیشتمانی و ۆاڵپشتی لە کۆمپانیا ناوخۆییەکان. ئەم وڵاتانە هیوادارن بە بەکارهێنانی دراوی نیشتمانی، دیسانەوە بتوانن سەروەری ئابوری خۆیان بە دەست بهێننەوە و لە هەڵکشان و داکشانەکانی دۆلار لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕزگار ببن./.