بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری سوپاسالاری ئێران ڕۆژی دووشەممە لە کۆنفرانسی ” بەرگری پیرۆز و کاریگەرییەکانی لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا ” وتی: گەلی ئێران بە پشت بەستن بە یارمەتییەکانی خودای گەورە و ڕێبەرایەتی ئیمامی کۆچکردوو و بە تێکۆشان و پشت بەستن بە توانا ناوخۆییەکان و لێهاتوویی خۆیان، لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە ئەو شەڕە سەپێندراوە لە بەرژەوەندی خۆیاندا کۆتایی پێبێنن و بەرگری پیرۆز بە شێوازێک بوو کە کەس بیری لەوە نەدەکردەوە.
ناوبراو وتی: 8 ساڵ گەل و هێزە چەکدارەکانی ئێمە شەڕیان کرد و لە ئاکامدا سەرکەوتووانە لەم شەڕە هاتنە دەرەوە. ئەمڕۆ کە سەیری ڕابردوو دەکەین دەبینین ئەوەی کە هێرشی کردە سەر ئێران، چارەنووسی چۆن بووە. لایەنگرانی کە پشتیوانییان لەو دەکرد لە چ دۆخێکدان و گەلی زوڵملێکراوی ئێران کە ڕاوەستا و پشتی بە تواناکانی خۆی بەست و خۆڕاگریی کرد، چ دۆخێکی هەیە و چۆن بە سەربەزی و هێزەوە بەرەو پێشتر دەڕوات.
فەریق باقری وتی: لە شەڕی 8 ساڵەدا خاکێک لە دەست نەچوو و گەل بە سەربەرزی مایەوە، بەرگری پیرۆز بووەتە سەرەتای مێژوویەکی گرنگ بۆ گەلی ئێران، مێژووی ئێران پێش و پاش بەرگری پیرۆز جیاوازییەکی زۆری هەیە.
ناوبراو وتی: ئەمە ئەرکی ئێمە جیلی بەجێماوی شەڕین کە بۆ جیلی نوێی ڕوون بکەینەوە کە ئەو سەردەمە چۆن بووە و چی ڕوویداوە و ئەم پاشەکەوتە گرنگە چۆن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشە و قەیرانەکانی داهاتوو بەکار بهێندرێت.
سوپاسالاری ئێران وتی: یەکپارچەیی خاکی ئێمە دەستەبەر کراوە و کەس بە ئاسانی ناتوانێت دەسدرێژی بکات و بیەوێت هێرش بکاتە سەر وڵاتی ئێران و بۆ سەدان ساڵی دیکەش کەس ناتوانێت بیر لە جیاکردنەوەی بستێک لەم خاکە بکاتەوە./.