بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی العربی الجدید لە سەر زاری ئەحمەد هەرکی لە ئەندامانی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی ئەم حیزبە بۆ تاران سەبارەت بە دۆسیەی چەککردنی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق سەرکەوتووە بووە و تاڵەبانی ڕۆڵی گرنگی لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنەدا هەبووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بافڵ تاڵەبانی ڕۆڵی نێوەندگێڕی هەبووە لە گواستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە سنورەکانی ئێرانەوە بۆ شوێنی دیکە و هەروەها ڕۆڵی لەوەشدا هەبووە کە ئەو گرووپانە بە دوور لە چالاکی چەکداری، چالاکی سیاسی و مەدەنییان هەبێت لە بەر ئەوەی کە عێراق ناتوانێت شوێنی هێرش و دەسدرێژی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بێت.
ئەو ئەندامە باڵایەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاندووە کە هاوئاهەنگی نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان لەم دۆسیەدا لە ئاستێکی باڵادایە و بەمەش ڕێگری لە هەر کردەوەیەکی سەربازیی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان کراوە./.