بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کە بە مەبەستی بەشداری لە حەفتا و هەشتەمین کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرکی کردووە، لە گەڵ ئەنتۆنیۆ گۆترێش ئەمینداری گشتی ئەو ڕێکخراوە کۆبووە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەو کۆبوونەوەدا وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی ئەمینداری گشتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، گرنگیدانی بە خواست و داواکاری گەلان بۆ جێبەجێکردنی دادپەروەری، نەهێشتنی هەژاری و جێگیرکردنی ئاسایشی بەردەوام، لە ڕیزی ئەرک و ڕاسپاردە سەرەکییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناو برد.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی ڕێگریی لە بەردەوامبوونی زوڵم و خۆسەپاندنی پاوانخوازەکانی بە چاوەڕوانییەکی خەڵک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناو برد و بە ئاماژە بەوەی کە شەڕەنگێزی بووەتە بابەتێکی ئاسایی بۆ ڕەوتی ستەمکاری و زلهێزەکان، هەنگاوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ڕێگری لەم دیاردە مەترسیدارە بە پێویست ناو برد.
ناوبراو بە ئاماژە بە نیگەرانی وڵاتان لە بەرامبەر داهاتووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەفغانستان، یەمەن و سوریا و هەروەها دابەشکردنی ئەفریقا بە هۆی سیاسەتەکانی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی و وڵاتانی زلهێزەوە، ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ڕێگری لە زوڵمی بەرامبەر بە خەڵکی ئەو وڵاتانە وەبیرهێنایەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختیکردەوە کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوکارییە لە گەڵ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئامادەیی ئەوەی هەیە لە پێناو پەرەپێدانی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهان هاوکاری بکات.
ئەنتۆنیۆ گۆترێش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەو کۆبوونەوەدا جەختی لە سەر هاوکاری لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران وەک وڵاتێکی گرنگی ناوچەکە کردەوە و وێڕای پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز، دەستخۆشیی لە ڕۆڵی کارای کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر قەیرانی یەمەن کرد./.