بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەم ڕۆژانەدا دەنگۆی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سازشتی زایۆنیستەکان و سعوودیە زیاتر دەبیسترێت، بەڵام دوایین هەوڵەکان باس لەوە دەکەن کە دانوستانەکان بە هۆی دابیننەکردنی داواکارییەکانی ڕیاز لە لایەن واشنتن و تەل ئەبیبەوە ڕاگیراوە.
ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاندووە کە حکومەتی سعوودیە دانوستانەکانی ئاشتیی لە گەڵ حکومەتەکەی نتانیاهۆ ڕاگرتووە. پێدەچێت حکومەتی نتانیاهۆ سەرەڕای ئەوەی دەیەوێت ڕێکەوتنی ئابراهام زیندوو بکاتەوە، نایەوێت ئیمتیازێکی ستراتیژی بە سعوودیە بدات و حکومەتی سەربەخۆی فەڵەستینیش ڕەتدەکاتەوە.
پەیامنێری کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستیش بە ئاماژە بە سەردانەکەی بۆ سعوودیە ئاشکرایکردووە کە خەڵکی ئەم وڵاتە خوازیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ڕیاز – تەل ئەبیب نین و پاڵپشتی لە فەڵەستین دەکەن.
ڕاشیگەیاندووە کە لە چاوپێکەوتنم لە گەڵ ژمارەیەک لە دانیشتووانی سعوودیە بەو ڕاستییە گەیشتم کە سعوودییەکان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئیسرائیل ناوێت و پرسی فەڵەستین هێشتا بۆ ئەوان گرنگە.
هەروەها ئەحمەد بەحر لە سەرکردەکانی بزوتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، خیانەتە بە خوێنی شەهیدان لە شەڕی بەرگری لە مزگەوتی ئەقسا.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئەگەری سازشتی سعوودیە و ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: سازشت و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان هانی ڕژێمی زایۆنیستی دەدات کە دەسدرێژییەکان بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا زیاتر بکات و پێویستە گەلانی موسڵمان بۆ بەرگری لە قودس و مزگەوتی ئەقسا و ئازادکردنی خاکی فەڵەستین یەکدەنگی خۆیان بپارێزن./.