بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە بەڵگەیەکدا کە شرۆڤەی ستراتیژی ئەو وڵاتەی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان کردووە، جارێکی دیکە ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سیاسەتی گەیشتن بە چەکی ناوەکیی نییە.
لە لاپەڕەی 5 ی ئەو بەڵگە 15 لاپەڕەییەدا بە ناونیشانی ” بەڵگەی ستراتیژی ڕوبەڕوبونەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان ” کە ڕۆژی پێنج شەممە 28 ی ئەیلولی 2023 بڵاو بووەتەوە، هاتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای نزیکبوونەوە لە وەبەرهێنانی مادەی ناوەکی پێویست بۆ درووستکردنی بۆمب، ئەم سیاسەتەی نییە.
لەو بەشەدا هاتووە کە ئێران لە ئێستادا سیاسەتی درووستکردنی چەکی ناوەکی نییە بەڵام توانای ئەوەی هەیە لە ماوەی دوو هەفتەدا مادەی ناوەکی پێویست بۆ درووستکردنی بۆمب بەرهەم بێنێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران وەک یەکێک لە واژۆکەرانی ڕێکەوتنی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان (NPT) و ئەندامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەکی، مافی ئەوەی هەیە دەستی بە تەکنۆلۆژیای ئاشتیخوازانەی ناوەکی بگات بەڵام بەردەوام ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە بە پێی فەتوای ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، هەبوونی چەکی کۆمەڵکوژ بە حەرام دەزانێت و بەردەوام داوای داماڵینی وڵاتانی جیهان بە تایبەت ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستیی لەو چەکانە کردووە./.