بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەسفەهان لە قۆناغە جیاجیا مێژووییەکان بە تایبەت لە سەردەمی حکومەتی قاجاڕەکان یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی حکومڕانی بووە و بەم بۆنەوە ئاسەوارێکی مێژوویی زۆری لە دڵی خۆیدا کۆکردووەتەوە و بە ناوی نیوەی جیهان ناسراوە.
یەکێک لەو ئاسەوارانەش، خانووی موعتەمدی یان خانووی مەلا باشییە. خانووەکە شوێنێکی نیشتەجێبوونی مێژووییە کە لە ساڵی 2002 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و لە ناوەندی شاری ئەسفەهان لە شەقامی هەشت بەهەشتدایە. لەم خانووەدا چەندین ئاسەواری سەر بە سەفەوی، زەندییە و قاجاڕییە بوونی هەیە.
ڕەنگە لە دەرەوە بیناکە هێندە سەرنجڕاکێش نەبێت بەڵام کە ناوەکەی بەسەردەکەیتەوە، هەر گەشتیار و بینەرێک سەرسامی خۆی دەکات. هەر ژوورێکی ئەم بینا بەشکۆ و پڕ ڕەمز و ڕازە بە شێوازێکی جیا ڕازاوەتەوە، نیگارکێشی، شووشە ڕەنگییەکان، ئاوێنەکان و نووسراوەکانی سەردەمی سەفەوی و قاجاڕ لەم بینا و لە ژوورە جیاجیاکانیدا خۆنوێنی دەکەن.
بنەماڵەی موعتەمدی زیاتر لە 7 ساڵ تەمەنی خۆیان بۆ نۆژەنکردنەوەی خانووی مەلا باشی ئەسفەهان تەرخان کرد تا بۆ بەسەرکردنەوەی لە لایەن خەڵکەوە ئامادە بکرێت. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم خانووە ئەوەیە کە سەرجەم ژوورەکانی فەرشی ئێرانی دەستچنی تێدایە و بوونی فەرشی ئێرانی هەستی ئەوە بە گەشتیاران دەبەخشێت کە هاتوونەتە ماڵێکەوە.
لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجاڕ، کوڕەکەیی بە ناوی زەل سوڵتان ی بۆ ئیدارەدانی شاری ئەسفەهان نارد کە ناوبراو لە دایکێکی ناقەجەری بووە و سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک لە کوڕەکانی شا بووە، نەیدەتوانی لە سەر تەختی حکومەتداری بێت. ئەمەش وایکرد کە نەک تەنیا بەرامبەر بە خەڵکی ئەسفەهان زوڵمێکی زۆر بکات بەڵکوو زیانێکی گەورەشی بە سرووشت و مێژووی شارەکە گەیاند.
بە هۆی ئەو ناڕەزایەتی و ئاڵۆزییەی کە لە حکومڕانییەکەی زەل سوڵتان هاتە پێشەوە، لە تارانەوە کەسێک بە ناوی مەلا باشی کە لە شاری تەفرەش ژیانی بە سەر دەبرد و یەکێک لە متمانەپێکراوەکانی ناسرەدین شای قاجاڕ بوو، ڕەوانەی ئەسفەهان کرا تا ئاسایش و سەقامگیری بۆ شارەکە بگەڕێنێتەوە.
مەلا باشی نەک تەنیا دۆخی ئەسفەهانی ئارام کردەوە، بەڵکوو بوو بە یەکێک لە ڕیش سپی و متمانەپێکراوەکانی خەڵکی شارەکە و پاشان بە کڕینی خانوویەک لەم شارەدا نیشتەجێ بوو.
خانووەکەی مەلا باشی بە هۆی ئەوەی کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی زەندییە و سەفەوییەکان دەگەڕایەوە و هەروەها بە هۆی ئەوەی کە لە سەردەمی قاجاڕەکانیش نۆژەن کرایەوە، هەر گۆشە و بەشێکی ڕەنگ و بۆنی مێژوویەکی ئەم دەسەڵات و سەردەمانەی پێوە دەبینرێت.
مێژووی سەرەتایی خانووەکە بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە بەڵام لە سەردەمەکانی دیکەی وەک زەندییەکان نۆژەن کرایەوە کە ئەمەش وایکرد بەشێکیی ئاسەوارەکانی تایبەت بە سەردەمی سەفەوییەکان لە ناو ببرێت بەڵام خۆشبەختانە هەر ئێستاش بەشێک لەو ئاسەوارانە وەک خۆی ماوەتەوە.
ئەم خانووە جوانە کە سەرتاسەر مێژوو و چیرۆکی زۆرمان بۆ دەگێڕێتەوە و ئەمڕۆ وەک هوتێلێک بۆ دیپلۆماتکاران بەکار دێت، بە گشتی لە دوو نهۆمدایە و چەندین بەش لە خۆ دەگرێت./.