بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ خانووی پیرنیا بووەتە مۆزەخانەی مرۆڤناسی و ئەوەی تایبەت بە ژیانی سەردەمی قاجاڕەکان بووە لەم مۆزەخانەیەدا نمایش کراوە.
هەروەها بەشێک لە ژوورەکانی مۆزەخانەکەش کراونەتە شوێنی نمایشکردنی جلوبەرگی مێژوویی بە تایبەت جلوبەرگی سەردەمی قاجاڕ.
لەم مۆزەخانەیەدا شوێنێک بۆ فرۆشتنی کارە دەستکردەکان و پیشەسازی دەستی شاری نائین کراوەتەوە و گەشتیاران دەتوانن وەک دیاری بۆ شار و مەڵبەندی خۆیانی ببەنەوە.
خانووی پیرنیا ی نائین لە پارێزگای ئەسفەهان و لە نزیک مزگەوتی گشتی ئەم شارەدایە. لە ڕابردوودا ئەم خانووە شوێنی مانەوەی دەسەڵاتداران بووە و لە سەردەمی قاجاڕدا گەیشتووەتە بنەماڵەی پیرنیا.
ئەم خانووە مێژووییە لە ساڵی 1986 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی وڵاتی ئێران تۆمار کراوە و لە ئێستادا کراوەتە مۆزەخانەی مرۆڤناسیی شاری نائین. یەکێک لە باشترین نموونەی خانووە مێژووییەکانە کە شێوازی بیناسازییەکەی لە سەردەمی سەفەوییەکان دەچێت.
خانووەکەش لە چەندین بەشی وەک شانشین، هەشتی و باخچە پێکهاتووە.
بە پێی ئەو کەرەستانەی کە لە نێو ئەم خانووەدا هەیە، دەتوانین بە ئاسانی بەوە بگەین کە دانیشتووانی خانووەکە چەندە لایەنگری هونەر بوون. ئەم خانووە تا ئێستا چەندین جار نۆژەن کراوەتەوە بەڵام لە ساڵی 1994 کرایە مۆزەخانەی مرۆڤناسی تا خەڵک و گەشتیاران بتوانن لە گەڵ کەلتور و داب و نەریتی ناوچە بیابانییەکانی ئێران ئاشنا ببن.
شێوازی بیناسازی خانووی پیرنیا وەک نموونەی بیناسازی و هونەریی خانووە مێژووییەکانی ناوچە بیابانییەکانی ئێرانە و لە چەندین بەشی جیاجیا پێکهاتووە.
لە ئێستادا زیاتر لە هەزار کەرەستە و ئەشیای مێژوویی و کۆن لە مۆزەخانەی مرۆڤناسی نائین نمایش کراوە.
گەشتیاران لە ڕێگای ئەم مۆزەخانەوە دەتوانن لە گەڵ کەلتور، ژیانی دانیشتووانی ناوچە بیابانییەکان، کەرەستەی کشتووکاڵ، کەرەستەی سەربازی، جلوبەرگ، پیشەسازی و داب و نەریتی خەڵکی ناوچەکە ئاشنا ببن./.