بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەرماوی قەجەر بە فەرمانی شا عەباس ی سەفەوی و لە سەر دەستی یەکێک لە کەسانی نزیک لە دەسەڵاتی سەفەوییەکان بە ناوی ئەمیر گونە خانی قاجاڕ درووست کراوە. سێ سەدە بە سەر درووستکردنیدا تێپەڕ دەبێت و هێشتا جوانییەکانی وەک خۆی ماوەتەوە.
لە ئێستادا ئەم گەرماوە کراوەتە یەکێک لە گەورەترین مۆزەخانەکانی شاری قەزوێن و لە ڕابردووشدا یەکێک لە گەورەترین گەرماوەکانی وڵاتی ئێران بووە.
ڕوبەری بیناکە 1045 مەتری چوارگۆشەیە و دوو بەشی ژنانە و پیاوانەی هەیە. هەروەها بیناکە چەندین بەشی لە ڕووی بیناسازییەوە هەیە کە هەر یەک تایبەتمەندی خۆیان هەیە.
ئەگەرچی بە ناوەکەی گەرماوی قەجەر هەست بەوە دەکرێت کە لە سەردەمی قاجاڕەکان درووست کراوە بەڵام دەوترێت کە لە سەردەمی سەفەوییەکان و لە سەر فەرمانی شا عەباس بووە بەڵام ناوەکەی بۆ ئەندازیارەکەی واتە ئەمیر گونەخان ی قاجاڕ دەگەڕێتەوە./.