بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعدوڵڵا زارعی سەبارەت بە دۆخی ئێستای شەڕی غەززە وتی: 6 هەفتە بە سەر شەڕە چارەنووسسازەکەی غەززە تێپەڕ دەبێت و ئێمە دوو لایەنی جیاواز لەم شەڕەدا دەبینین. لایەنی یەکەم یان بە واتایەکی دیکە بەرەی یەکەم، بەرزبوونەوەی کەرامەتی کۆمەڵە مرۆڤێکی زوڵملێکراوە و بەرەی دووەم، تاوان و لوتکەی دڕندەییە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی و ئەوانەی پشتیوانی لێدەکەن.
ناوبراو وتی: زایۆنیستەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕەوتی شەڕی غەززە هەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکەن و ئەمەش پیشان دەدات کە ڕەوتی شەڕەکە لە پێناو مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی ئەواندا نییە.
زارعی بە ئاماژە بەو ڕاپۆرت و وتارانەی سەبارەت بە شەڕی غەززە لە میدیا جیهانییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، وتی: چوارشەممەی ڕابردوو ڕۆژنامەی بلۆمبێرگی ئەمریکا لە نووسینێکدا ڕایگەیاند کە کۆشکی سپی لە هەڵسووکەوتی ئیسرائیل بەرامبەر بە حەماس بێهیوا دەبێت و هەوڵ دەدات شەڕی غەززە ڕێکبخات.
ڕاشیگەیاند: نووسینێکی دیکە لە ڕۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لە لایەن تۆماس فریدمەن بڵاو بووەتەوە کە ڕایگەیاندووە ئەمریکا نابێت لە بەرامبەر ستراتیژی نتانیاهۆ خۆی بە دەستەوە بدات لە بەر ئەوەی کە ڕەنگە هەمووان لە ناو ببات.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: لایەنگرانی ڕژێمی زایۆنیستی بە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە نیگەرانن کە شەڕی غەززە بە پێی خۆڕاگری فەڵەستینییەکان و ئەوەی کە زایۆنیستەکان تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکیان نەبووە، ببێتە هۆی ئەوەی کە بناغەی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بە تەواوی لاواز بکات. حکومەتی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن دەیەوێت ئەم شەڕە لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستی ڕێکبخاتەوە و ئەمەش بە واتای ڕاستییەکە کە فەرماندەیی سەربازی ئیسرائیل لەم شەڕەدا لە ڕوانگەی ئەمریکییەکانەوە لاوازە و تووشی کێشە و قەیران بووە.
سەعدوڵڵا زارعی وتی: نتانیاهۆ دووشەممەی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنی کەناڵی فۆکس نیوز بە شێوازێک دانی بە دۆخی شەڕ و هەستیارییەکەیدا نا و ” ڕایگەیاند کە دەبێت سەرکەوتن بە دەست بێنین تا ئیسرائیل بپارێزین، ئێمە دەبێت بۆ پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرکەوتن بە دەست بێنین، ئێمە دەبێت بە هۆی جیهانی ئەمڕۆوە سەربکەوین، ئەمە شەڕێکە کە ئێمەی تێدایە و هیچ جێگرەوەیەک بۆ سەرکەوتن نییە “.
ناوبراو وتی: خۆڕاگری خەڵکی غەززە لە ژێر بۆردومانەکان و ئەو مرۆڤانەی کە لە لوتکەی زوڵملێکراویدان، چارەنووسی شەڕەکە دیاری دەکات. ئەوەی کە خەڵکی غەززە ئەم شارەیان بە جێنەهێشتووە، دەبێت بە خۆپێشاندانی زایۆنیستەکانەوە بەراورد بکرێت، ئەمەش پیشان دەدات کە لە کوێ خۆڕاگری و لە کوێ لاوازی بوونی هەیە.
شرۆڤەکاری باڵای کاروباری سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی: لە ئاستی نێودەوڵەتی وەک بکوژێک لە نتانیاهۆ دەڕوانرێت و تەنانەت لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینیش وەک تۆمەتبارێک سەیر دەکرێت، بەڵام سەرکردەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە نێو خەڵکی خۆیاندا وەک قارەمانێک دەناسرێن.
زارعی وتی: جۆری شەڕکردنیش لە دیاریکردنی چارەنووسیدا گرنگە. دەیان هەزار خەباتگێڕ کە لە ژێر زویدان و لە کاتی دیاریکراودا دێنە دەرەوە و زیان بە سوپای داگیرکاری زایۆنیستی دەگەێنن و ڕوبەڕوی ئەوان دەبنەوە، ئەوانەی بە ئاسانی دەبینرێن زیاتر زیانیان پێدەگات تا ئەوانەی کە بە نهێنی شەڕ دەکەن.
ناوبراو وتی: ماف و داگیرکاریش دوو بابەتی دیکەی ئەم شەڕەی غەززەیە. فەڵەستینییەکان بەرگری لە خاکی خۆیان دەکەن و سوپای داگیرکاری زایۆنیستیش هێندە شکستەکەی گەورەیە کە بە کوشتاری ژنان و منداڵان و هێرشی سەر نەخۆشخانەکان دەیەوێت خۆی لە شکستی زیاتر بدزێتەوە.
وتیشی کە خۆڕاگری فەڵەستینییەکان نیگەرانیی خستووەتە بەرەی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، ئەوان هێشتا چاوەڕوانن کە ئیسرائیل بە سەرکەوتن بگات تا لە سەر مێزی دانوستان بە سەرکەوتنێکی سیاسی بگۆڕدرێتەوە بەڵام لە ساڵی 2000 تا ئێستا، وڵاتانی ڕۆژئاوا هەڵگیرسێنەری 13 شەڕ لە ناوچەکەدا بوون و ئاشکرایە کە لە 12 شەڕی ڕابردوودا چ ئەنجامێکیان لە بەرامبەر خۆڕاگریدا هەبووە.
سەعدوڵڵا زارعی وتی: شەڕی غەززە لەم 12 شەڕەی ڕابردوودا شەڕێکی مامناوەندە کە بەرەی خۆڕاگری ڕوبەڕوی بووەتەوە، ئەم شەڕە لە شەڕی سوریا بچووکترە کە بەرەی خۆڕاگری لە ئاستێکی بەربڵاودا لە بەرامبەر وڵاتانی ڕۆژئاوا سەرکەوتنی بە دەست هێنا، هەروەها لە شەڕی 33 رۆژەش گەورەتر نییە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە بە ئاماژە بەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا لە کۆتایی هێنان بەم شەڕە دەترسن، لە بەر ئەوەی کە دەزانن ئەگەر شەڕەکە ئەمڕۆ ڕابگیرێت، خۆڕاگری سەرکەوتن بە دەست دێنێت، وتی: کوشتاری ژنان و منداڵان بووەتە ڕیسوابوونێکی گەورە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی و ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لێدەکەن. ئەگەر شەڕەکە بە کۆتایی بگات لە ناوچەیەک کە سیاسەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بە لای ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە گرنگە، گۆڕەپانەکە لە بەرژەوەندی فەڵەستینییەکاندا دەبێت، ڕای گشتی جیهانیش لە گەڵ فەڵەستینە، بەم هۆیەوە وڵاتانی ڕۆژئاوا درێژە بە شەڕی غەززە دەدەن./.