خەبات و خۆڕاگری لە پێناو گەیشتن بە ئازادی لە لایەن فەڵەستینییەکانەوە مافێکی ڕەوایە و ئەنجامی داگیرکردنی خاکەکەی ئەوانە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی کە پیلانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە سەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەپاوە، بەڵام ئەم خەباتە پیرۆز و ڕەوایە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی ئەوانەوە لە ناوچەکە بە تیرۆریستی سەیر دەکرێت.
پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ڕژێمی زایۆنیستی هیچ لە پیرۆزبوونی ئەم شەڕەی فەڵەستینییەکان لە دژی داگیرکارانی تاوانباری زایۆنیست ناگۆڕێت و بە درێژایی دەیان ساڵ بەردەوام بووە و ئێستاش ئەم خەباتە مەزن و پڕە لە سەروەرییە بەردەوام دەبێت.
ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا لە ڕوانگەی زۆربەی دانیشتووانی جیهانەوە، خەبات و خۆڕاگری خەڵکە لە بەرامبەر داگیرکاری و بە هەنگاوێکی ڕەوا دادەنرێت. ئەم خەباتەش ئەنجامی زیاتر لە 75 ساڵ داگیرکاری، سەرکوتکردن، سووکایەتی، کۆمەڵکوژی و هەوڵی لەناوبردنی فەڵەستینییەکانە.
ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا لە پێناو ئەم سیاسەتەی، بە دەیان جار شار و ناوچەکانی فەڵەستینی ڕووخاندووە، بەڵام فەڵەستین و فەڵەستینییەکان ماونەتەوە و پیلان و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و پشتیوانییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و خیانەتی وڵاتانی عەرەبی لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە وا لە فەڵەستینییەکان بکات واز لە خەباتی خۆیان بێنن.
ڕژێمی زایۆنیستی سەرەڕای کشانەوەی لە غەززە لە ساڵی 2005، بە کۆنتڕۆڵکردنی سنورە ئاسمانی، دەریایی و وشکانییەکان و گەمارۆدانی ئەم ناوچەیە بە هەموو شێوازێک، غەززەی کردووەتە گرتووخانەیەکی گەورە بۆ دانیشتووانەکەی. سەرەڕای ئەوەی کە حەماس لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2006 سەرکەوتنی بە دەست هێنا بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بە بیانووی ئەوەی کە بزوتنەوەیەکی تیرۆریستییە، دژایەتی کرد و ئەمریکا و ئەورووپاش بە هەمان شێوە ڕوویان هێنایە دژایەتیکردنی حەماس و پێگە جەماوەرییەکەی و هەموو هەوڵێکیان خستەگەڕ کە لە ڕووی دارایی و ئابورییەوە گوشار لە سەر حەماس دابنێن و ئەم بزوتنەوەیە لە ناو ببەن.
لە کەرتی خۆرئاواش کۆنتڕۆڵکردنی فەڵەستینییەکان لە سەر هەمان شێوازی گەمارۆدانی غەززە و پارچە پارچەکردنی ئەم ناوچەیە بەردەوام بوو، رژێمی زایۆنیستی وای لە کەرتی خۆرئاوا کردووە کە بووەتە چەندین ناوچەی بچووک و دابڕاو لە یەکتر و بە دانانی دەیان بازگە و بەربەستی سەربازی بوونی پەیوەندی دانیشتووانەکەیی لە گەڵ یەکتر ئەستەم کردووە. ئەمەش لە کاتێکدا کە زایۆنیستەکان بە درووستکردنی شارۆچکە لە ناوچە داگیرکراوەکانی ساڵی 1967 و سیاسەتی تیرۆریستی لە شاری قودس و نموونەکانی دیکە هەوڵی لەناوبردنی پرسی فەڵەستینی داوە.
ئەم هەموو زوڵم و تاوانە بووە هۆی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی کەم وێنە بە ناوی زریانی ئەقسا و سەرەڕای هێرشە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە و شەهید و بریندارکردنی هەزاران کەس، بەڵام خەبات و خۆڕاگری فەڵەستینییەکان تا ئازادکردنی ئەم خاکە و دەرکردنی زایۆنیستەکان بەردەوام دەبێت./.