بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کاراکردنی کەرتی نەوتی ئەم وڵاتەی کرد.
ناوبراو لەو کۆبوونەوەدا لە گەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار چەندین بابەتی وەک پرۆژەکانی دەرهێنان و هەناردەی نەوت، پرۆژەکانی غاز و پاڵاوگەکان، ڕێژەی بەرەوپێشچوونی پرۆژەکان و کێشە و بەربەستەکانی گەشەپێدانی کەرتی وزەی بە گشتی تاوتوێ کرد.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە سەر باشتربوونی سەرجەم بەشەکانی پەیوەندیدار بە نەوت و غاز کردەوە و ئاماژەشی بە گرنگی کەڵک وەرگرتن لە داهاتە نەوتییەکان بۆ باشترکردنی ئەم کەرتە گرنگەی ئابوریی وڵاتەکەی دا.
محەممەد شیاع سودانی وتی: نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی عێراقە و حکومەت بۆ باشترکردنی کەرتی نەوت و بەشە پەیوەندیدارەکانی وەک کارەبا و پترۆکیمیا سەرجەم هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ./.