بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق لە مانگی کانوونی دووەم تا کۆتایی ئەیلولی 2023 بە بڕی 10 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار کاڵای لە وڵاتی چین هاوردە کردووە.
ئامارەکانی گومرکی چین ئاشکرای دەکات کە ڕێژەی هەناردەی ئەو وڵاتە بۆ عێراق تا کۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 11.5 بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
کاڵای کارەبایی بەشێکی زۆری هەناردەی چین بۆ عێراق بووە و بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 34 بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 2 ملیار و 140 ملیۆن دۆلار.
هەناردەی ئاسنی چینی بۆ عێراقیش لە سەدا 39 بەرزبوونەوەی هەبووە بەڵام هەناردەی کاڵای ئەلیکترۆنی لە چینەوە بۆ عێراق بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 5 دابەزیوە.
چین بە ڕێژەی زیاتر لە 50 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی عێراق دادەنرێت./.