بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە میانەی بەسەرکردنەوەی پێشانگای دەسکەوتەکانی هێزی ئاسمانی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: زایۆنیستەکان خۆیان بە ڕەگەزی یەکەم دەزانن و خەڵکانی دیکەش بە ڕەگەزی ژێردەستە ناو دەبەن و بەم هۆیەوە و بە بێ ئەوەی هەست بە هەژانی ویژدانی خۆیان بکەن، چەندین هەزار منداڵیان کۆمەڵکوژ کردووە.
بەڕێزیان وتیان: کاتێک کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەو هەموو بانگەشەوە پشتیوانی لە وەها ڕژێمێک دەکەن و هاوکاریی دەکەن، بە واتای پشتیوانی ئەوانە لە ڕەگەزپەرستی کە لە لایەن خەڵکانی جیهانەوە بابەتێکی نەفرەتلێکراوە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: خەڵکانی ئەمریکا و ئەورووپا پێویستە هەڵوێستی خۆیان لە سەر ئەم بارودۆخە ڕوون بکەنەوە و ئەوە پیشان بدەن کە لایەنگری لە ڕەگەزپەرستی ناکەن.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: ڕژێمی زایۆنیستی سەرەڕای بۆردومانی دڕندانەی غەززە لە گەیشتن بە ئامانجەکانی شکستی هێناوە، سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە سەرەتا وتیان کە ئامانجمان لەناوبردنی حەماس و کۆتایی هێنانە بە خۆڕاگری بەڵام پاش زیاتر لە 40 ڕۆژ لە گەیشتن بەمە شکستیان هێناوە و لە داهاتووشدا ناتوانن بەو ئامانجە بگەن.
بەڕێزیان سەبارەت بە ئەرکی وڵاتانی ئیسلامیش وتیان: بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی ئیدانەی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان کردووە و بەشێکی دیکە تا ئێستا ئەوەشیان نەکردووە، بەڵام ئەمە قبووڵکراو نییە، کاری سەرەکی ئەوەیە کە وڵاتانی ئیسلامی ڕێگری لە گەیاندنی کاڵا و وزە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بکەن، هەروەها وڵاتانی ئیسلامی لانیکەم بۆ ماوەیەکی کەم پەیوەندییە سیاسییەکانیان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بپچڕێنن./.