بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند ڕاپۆرتێکی پزیشکی ئاماژەیان بەوە کردووە، تووشبووانی شەکرە دەتوانن مۆزی سەوز بخۆن، بەو پێیەی ڕێژەی شەکری بە ڕێژەی ٤٠٪ کەمترە بە بەراورد بە مۆزی پێگەیشتوو.
هەروەها ڕوونیشی دەکەنەوە، هەرسکردنی مۆزی سەوز کاتێکی زۆری دەوێت، ئەمەش وای لێدەکات زۆر گونجاو بێت بۆ دابەزاندنی کێش.
یەکێک لە سوودەکانی مۆزی سەوز ئەوەیە کە ڕێژەیەکی بەرزی نیشاستەی بەرگری لەخۆدەگرێت، هەروەها بەکتریای پرۆبایۆتیکیشی تێدایە کە بەکتریای بەسوودن و یارمەتی تەندروستی قۆڵۆن دەدەن.
لە لایەکی ترەوە مۆزی زەردی پێگەیشتوو ئاستێکی بەرزی دژە ئۆکسێنەری بەهێزی تێدایە کە خانەکانی جەستە لە تێکچوون دەپارێزێت، هەروەها ڕێژەی شەکرەکەی زۆر بەرزە، نزیکەی٧٠٪.
بۆیە ئەم میوەیە تەواو گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی کە بەشداری چالاکیی وەرزشی دەکەن و کالۆری زۆر بەکاردەهێنن.
لە بەر ئەوەی نیشاستەی بەرگری لە کاتی پێگەیشتنی مۆز دەگۆڕێت بۆ شەکری سادە، مۆزی زەرد هەرسکردنی ئاسانتر دەبێت. جێگای سەرنجە کە مۆز بە گشتی سوودێکی زۆری هەیە، بەو پێیەی یەکێکە لە باشترین سەرچاوە سروشتییەکانی وزە و شەکرە سادەکان و کانزا گرنگەکان بۆ جەستەی مرۆڤ، هەروەها دەوڵەمەندە بە کالۆری و وزە بە جەستە دەبەخشێت./.