بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی دووشەممە 20 ی تشرینی دووەمی 2023 ڕۆژی جیهانیی منداڵانە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دانیشتووانی وڵاتانی جیهان چاویان بڕیوەتە کەرتی غەززە، ئەو ناوچەیەی کە لە ئێستادا گەورەترین کارەساتی مرۆیی جیهانی تێدا ڕوو دەدات.
لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسای بزوتنەوەی حەماس لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی تا ئێستا، ڕژێمی داگیرکار نزیکەی 13 هەزار کەسی لە غەززە شەهید کردووە و بە هەزارانی دیکەش بێسەروشوێن و بریندارن. بە پێی ئامارەکان لە نێو کوژراوانی غەززەدا زیاتر لە 5 هەزار منداڵ هەیە.
سندۆقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە یۆنیسێف بەم دواییانە ئامارێکی ناخهەژێنی لە کوشتاری منداڵانی غەززە بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە ڕۆژانە 420 منداڵ لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە غەززە دەکوژرێن یان بریندار دەکرێن.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هێرشی تیرۆریستی زیاتر لە هێرشەکانی دیکە سەرنجی دانیشتووانی وڵاتانی جیهانی بۆ خۆی ڕاکێشا کە یەکێک لەوان قوربانیکردنی منداڵان و کۆرپەلەکانی نەخۆشخانەی شیفا بوو، ئەو نەخۆشخانەیەی کە دەیان منداڵی تازە لە دایکبوو بە هۆی نەبوونی کەرەستەی پزیشکی و هێرشەکانی زایۆنیستەکانەوە شەهید بوون.
دووەم هێرشی تیرۆریستی زایۆنیستەکانیش لە قوتابخانەی ئەلفاخورە ڕوویدا. فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستی شەممەی ڕابردوو ئەو قوتابخانەیان لە کەمپی جەبالیا لە باکوری غەززە بۆردومان کرد و نزیکەی 200 کەس لەو هێرشە دڕندانەیەدا شەهید کران.
بۆردومانی قوتابخانەکان یەکێک لە پیلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە پێناو جێبەجێکردنی سیاسەتی کۆمەڵکوژی فەڵەستینییەکان لە غەززە. دوو هەفتە پێش ئێستا بەڕێوەبەرێکی ئیدارەی غەززە ڕایگەیاندبوو کە 60 قوتابخانە بە هۆی هێرشەکانی زایۆنیستەکانەوە بە تەواوی لە ناو چوون.
ئەگەرچی بە هەزاران منداڵی غەززە شەهید و بریندار بوون بەڵام لە ئێستادا نەبوونی خۆراک، دەرمان و ئاو و هێرش و توندووتیژییەکانی زایۆنیستەکان هەڕەشە لە گیانی منداڵانی دیکەی غەززە دەکات.
ئەگەر سەیری ئاماری منداڵە شەهیدەکانی فەڵەستین لە 20 ساڵی ڕابردوو بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە ژمارەی منداڵە شەهیدەکانی فەڵەستین لە ساڵی 2000 تا کۆتایی ساڵی 2021 نزیکەی 2 هەزار و 220 شەهید بووە کە 315 کەس لەوان لە میانەی دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر غەززە لە ساڵی 2009 شەهید کران. 546 منداڵیش لە میانەی هێرشەکانی ساڵی 2014 ی ئەو ڕژێمە گیانی خۆیان لە دەستدا.
لە 11 ڕۆژ هێرش و دەسدرێژی هێزەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە لە مانگی ئایاری 2021، منداڵانی فەڵەستینی لە سەروی ئامانجەکانی ئەو ڕژێمەوە بوون و فڕۆکە شەڕکەرەکان بە بۆردومانی دڕندانەی خانووی فەڵەستینییەکان، سەدان کەسیان شەهید کرد. لە 232 قوربانی هێرشەکانی مانگی ئایار، 65 یان منداڵ بوون.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش، 85 منداڵی فەڵەستینی لە کاتی دەستبەسەرکردنیان لە لایەن هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە هەڵسووکەوتی نەشیاویان لە گەڵدا کراوە و لە سەدا 75 ی ئەوانیش ڕایانگەیاندووە کە توندووتیژییان بەرامبەر کراوە.
بە گشتی 1128 منداڵی فەڵەستینی بە هۆی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە کەمئەندام بوون کە 641 یان لە غەززە و ئەوی دیکەش لە کەرتی خۆرئاوا بە تایبەت لە قودسی ڕۆژهەڵاتدا بووە.
منداڵکوژییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بە شەڕەکەی تشرینی ئەمساڵ زیاتر بووە و ئەمەش بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت مادەی 16 ی کۆنوانسیۆنی مافی منداڵانە کە بە پێی ئەوەش هەر توندووتیژییەک بەرامبەر بە منداڵان قەدەغەکراوە بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی بە هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەزاران منداڵی فەڵەستینیی لەم شەڕەدا کردووەتە قوربانی./.