بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گەمارۆدانی غەززە و نەبوونی خۆراک و دەرمان، جگە لە شەڕ، کێشەی زۆری درووست کردووە و بووەتە هۆی شەهیدبوونی زۆر کەس بە تایبەت منداڵان. ئەم کارەی ڕژێمی زایۆنیستی لە تاوانی جەنگ تێپەڕیوە و بووەتە کارەسات و جینۆساید.

بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەواڵی پیلانێکی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمەیان بۆ داگیرکردنی کەرتی غەززە بڵاوکردەوە.

کەناڵی 12ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە پلانە پێشنیارکراوەکە بریتییە لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە چوار بۆ پێنج مانگ دەبات، بە بەشداری نزیکەی شەش فیرقە، بۆ داگیرکردنی شاری غەززە و کەمپەکانی ناوەندی کەرتی غەززە.

ئامانج لە پلانی داگیرکاری غەززە، پاڵنانی دانیشتووانی کەرتی غەززەیە بۆ باشور و هاندانیان بۆ کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات.

سەید عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و هەروەها وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سعوودیە، داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەو ڕێکخراوەی بۆ لێکۆڵینەوە لە کارەساتی مرۆیی لە غەززە و هەماهەنگی بۆ پێشکەشکردنی یارمەتی خێرا و لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندە یاسایی و سیاسییەکانی پلانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە " بەڵگەی ئاشکرا هەیە کە ئاماژە بە بوونی نیازی ستراتیژی و نایاسایی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ داگیرکردنەوەی تەواوی غەززە دەکات، لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لە گەڵ دامەزراوە سەربازییەکان و هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەو ڕژێمە، ئاماژە بەوە دەکەن کە پلانێکی ئامانجدار بۆ سڕینەوەی ناسنامەی خاکی و سیاسی غەززە لە ڕێگەی کۆنترۆڵی هەمیشەیی و ئەندازیاری دیمۆگرافی و لەناوبردنی هەر ئاسۆیەکی سەروەری فەڵەستین لە ئارادایە. بەرپرسانی باڵای ڕژێمی داگیرکەر بە ڕاشکاوی باسیان لە نیازی خۆیان کردووە بۆ لەناوبردنی غەززە وەک قەوارەیەکی سیاسی. ئەمە تەنیا گۆڕانکارییەکی تەکتیکی نییە و ڕەنگدانەوەی دیزاینێکی ستراتیژییە بۆ لەناوبردنی سەروەری فەڵەستین لە ڕێگەی داگیرکردنی هەمیشەیی خاکی، گواستنەوەی زۆرەملێی دانیشتووان و ئەندازیاری دیمۆگرافی ".

گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بۆ داگیرکردنی غەززە

حوسێن کەنعانی موقەدەم شارەزای کاروباری فەڵەستین لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە لە جینۆساید تێپەڕیوە و بووەتە کارەساتێکی مرۆیی و جیهانی.

ناوبراو وتی: نتانیاهۆ و ترەمپ هەوڵدەدەن بۆ گەیشتن بە زەوییەکی سووتاو و ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە غەززە لە پێناو پێشخستنی ئامانجەکانی خۆیان.

ئەو شارەزایە وتی: ئێستا نتانیاهۆ گڵۆپی سەوزی لە ئەمریکا وەرگرتووە بۆ ئەوەی بە تەواوی غەززە داگیر بکات، ئەوان ئامادەن تەواوی دانیشتووانی غەززە بە برسیکردنی منداڵان و ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان و ئاوی خواردنەوە کۆمەڵکوژ بکەن، پەیامەکەشیان ئەوەیە پێشڕەوی دەکەن تا دوو ملیۆن کەس لە غەززە دەکوژن.

نزیکەی 100 کەشتی لە وڵاتانی جیاوازەوە دەچنە غەززە

سکرتێری کۆمەڵەی نێودەوڵەتی دژە زایۆنیستی هەروەها ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەدا کە لە ئەنجومەنی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی پشتیوانی لە گەلی فەڵەستین بەڕێوەچوو، بڕیار درا کە هاوکات لە گەڵ ئەو کەشتییانەی لە ئیسپانیا و مالیزیاوە کە ئامادەییان بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە دەربڕیوە، ئێمەش بەشداری بکەین و هاوکاری مرۆیی ئامادە ڕەوانەی ئەم ناوچەیە بکەین.

کەنعانی موقەدەمیش وتی: دەوترێت نزیکەی 100 کەشتی لە وڵاتانی جیاوازەوە، لەوانەش مالیزیا و ئیسپانیا بەرەو غەززە دەڕۆن. هیوادارین بتوانین لە ناردنی هاوکاریشدا بەشداربین.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە " ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر غەززە " لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هیوادارین کە ناردنی ئەم یارمەتییە بتوانێت بەشێک لە کێشەکانی غەززە چارەسەر بکات و لە هەمان کاتدا مەکینەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی ڕابگرێت.

سکرتێری کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی دژە زایۆنیستی هەروەها سەبارەت بە فراوانکردنی شەڕ لە لایەن زایۆنیستەکانەوە ڕایگەیاند: ئەم ڕژێمە لە باشوری لوبنانەوە ئۆپەراسیۆنەکانی دەستپێکردووە و بە نیازە کوشتاری خۆی لە غەززە فراوانتر بکات، ئەمەش بە پێی پلانی چەکداماڵینی حزبوڵڵا لە لوبنان. بەم شێوەیە لەم ناوچەیە و تەنانەت لە سوریاش جمووجۆڵی زیاتری دەبێت./.